Ali Semerci
17 تشرینی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 17 تشرینی یەکەم 2023
ئیستانبوڵ - AA
گوتەبێژی لیواکانی عێزەددین قەسامی باڵی سەربازیی حەماس، ئەبو عوبەیدە ئاماژەی بەوە کرد کە ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ دیلیان لەبەردەستدایە.
لە ڤیدیۆیەکدا کە لە ماڵپەڕی حەماسدا بڵاوکرایەوە، ئەبو عوبەیدە، زانیاری سەبارەت بەو شەڕ و پێکدادانانە خستەڕوو کە لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین بەردەوامە.
ئەبو عوبەیدە باسی لەوە کرد کە ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ دیلیان لەبەردەستدایە و، ٢٠٠ لەوانە لەبەردەستی لیواکانی قەسامدایە و ئەوانی دیکەش لەبەر دەستی گرووپە فەڵەستینییەکانی دیکەدان.
گوتیشی: "(لە نێوان ئەو دیلانەی لە هێرشی سەر ئیسرائیلدا دەستگیرکراون) گرووپێک هاووڵاتی وڵاتانی بیانی هەن، ئەوانە میوانی ئێمەن، هەوڵی پاراستنیان دەدەین و لە کاتی گونجاودا ئازادیان دەکەین".
سەبارەت بە بابەتی دەستبەسەرکراوانی فەڵەستینی لە گرتووخانەکانی ئیسرائیلدا، ئەبو عوبەیدە ڕیاگەیاند: "بەهۆی ئەو کەسانەی بە دیل گیراون، پێداگرین لەسەر دڵخۆش کردنی ئەو خێزانە فەڵەستینیانەی کەسوکاریان لە گرتووخانەکاندان".
هەروەها ئەبو عوبەیدە باسی لەوە کرد کە لە ئاکامی ئەو هێرشانەی ئیسرائیل کردوویەتیە سەر غەززە ٢٢ کەس لە دیلەکان گیانیان لەدەستداوە و، دوایین جاریش هونەرمەندی تەل ئەبیب، گای ئۆلیڤس (٢٦ ساڵ) گیانی لەدەستداوە.
گوتەبێژی لیواکانی قەسام ئەوەیشی خستەڕوو کە هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ دەستپێکردنی هێرشی وشکانیی نایانترسێنێت.