Davit Kachkachishvili,Osman Bayramaliyev
10 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 11 تشرینی یەکەم 2022
کیێڤ – AA
لە ئاکامی ئەو هێرشەی هێزەکانی رووسیا لە رێگای ئاراستەکردنی مووشەکەوە کردیانە سەر کیێڤ پایتەختی ئۆکراینا، هەشت کەس کوژراون و ٢٤ی دیکەیش برینداربوون.
راوێژکاری وەزارەتی ناوخۆی ئۆکراینا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی رایگەیاند: "لە ئاکامی بۆردومانی ناوچەی شێڤچێنکیڤسک لە کاتژمێر ٠٨:٤٥ەوە، هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٤ی دیکەیش برینداربوون، شەش ئۆتۆمبێل سووتاون و زیاتر لە ١٥ ئۆتۆمبێلی دیکە زیانیان بەرکەوتووە".

لای خۆیشیەوە سەرۆکی ئوکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تێلگرام کاردانەوەی توندی خۆی لەهەمبەر هێرشەکەی رووسیا دەربڕی بۆسەر کیێڤ و دەڵێت: "لە ٢٢٩ەمین رۆژی جەنگدا هەوڵ دەدەن ئێمە لەناو ببەن و لەسەر گۆی زەوی بمانسڕنەوە. ئەوانەیان کوشت کە لە زاپۆریژییا لە ماڵەکانیاندا نوستبوون و ئەوانەی لە کیێڤ چووبوونە کار. بەداخەوە کوژراو و بریندارمان هەن. تکایە لە ژێرزەەکان مەیەنە دەرەوە".
سەرۆکی شارەوانی کیێڤ لە راگەیەندراوەکەیدا نووسیویەتی: "پایتەخت لەژێر هێرشی تیرۆریستانی رووسدایە. مووشەکەکان چەند شوێنێکی گەڕەکی شێڤچێنکیڤسک و گەڕەکی سۆلۆمیانیان کردووەتە ئامانج. زەنگی هۆشداری هێرشی ئاسمانیی بەردەوامە لە لێدان هەربۆیە هێشتا مەترسییەکان درێژەیان هەیە. داوا لە هەموو دانیشتوانی پایتەخت دەکەم لە کاتی لێدانی زەنگەکاندا لە ژێرزەمینەکاندا بمێننەوە. واباشیشە ئەگەر بۆ شتێکی زۆر پێویست نەبێت، نەیەنە دەرەوە".

کلیچکۆ ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە کاری تیمە فریاگوزارییەکان لە شوێنی هێرشەکان بەردەوامن و نووسیویەتی: "شەقامە ناوەندییەکانی کیێڤ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەڕووی هاتوچۆدا داخراون. تیمەکانی فریاگوزاریش بەردەوامن لە کارەکانیان".

بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لە راگەیاندنەکانی ئۆکراینادا بڵاو کراونەتەوە، سێ یان چوار تەقینەوە لە کیێڤ، روویانداوە.
بەپێی زانیارییەکان شوێنی تەقینەوەکان لە دووری یەک بۆ دوو کیلۆمەتر لە نووسینگەی سەرۆکایەتی ئۆکرایناوە بووە.
