Esra Taşkın,Aladdin Mustafaoğlu
29 مای,س 2024•نوێکردنەوە: 03 حوزەیران 2024
پاریس ــ AA
لە پاریس پایتەختی فەڕەنسا، خۆپێشاندانێک بۆ پاڵپشتیکردن لە فەڵەستین ئەنجامدرا.
بە ھەزاران خۆپیشاندەر لە گۆڕەپانی کۆماری لە پاریس گردبوونەوە و لە میانیدا، ناڕەزایەتییان دەربڕی لە ھەمبەر بۆردومانەکەی ڕۆژی ٢٦ی ئەم مانگەی سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەمپێکی ئاوارە فەڵەستینییەکان لە شاری ڕەفەح باشووری کەرتی غەززە.
لە میانی خۆپیشاندانەکەدا، خۆپیشاندەران داوایان کرد کە ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە بوەستێندرێت.
سەرباری باران بارین بەخوڕ، خۆپیشاندەران بەرزکردنەوەی چەندین لافیتە کە لەسەر نووسرابوون "ئیسرائیل تاوانبارە و سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن ھاوبەشە لە تاوانەکەی ئیسرائیل" "بژی فەڵەستین" و "ھەموو چاوەکان لەسەر ڕەفەحە" بەردەوامبوون لە خۆپیشاندانەکەیان.
سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی فەڕەنسا، لوک میلۆنشۆن و ئەندامی فراکسیۆنی پارتی چۆکدانەدەری فەڕەنسی (LFI) لە پەرلەمانی فەڕەنسا، سێباستیان دیلۆگۆ و ژمارەیەک لە سیاسەتمەدرانی ئۆپۆزسیۆن لە خۆپیشاندانەکەدا، بەشداربوون.
ھەروەھا خۆپیشاندەران دروشمەکانی وەک "ئەمە شەڕ نییە، بەڵکو کۆمەڵکوژییە" و "غەززەییەکان پاریس لەگەڵ ئێوەیە" گوتنەوە.
ھەر لە میانی ئەو خۆپیشاندانەی کە لە شاری پاریس پایتەختی فەڕەنسا بۆ پاڵپشتیکردن لە فەڵەستین ئەنجامدرا، داوا لە حکوومەتی فەڕەنسا کرا کە سزا بەسەر ئیسرائیلدا بسەپێنێت.
ڕۆژی ٢٦ی ئەم مانگە سوپای ئیسرائیل، دوو خانوو و کەمپێکی ئاوارەکان لە باکووری ڕۆژئاوای شاری ڕەفەح باشووری کەرتی غەززە کە ١٠٠ ھەزار ئاوارەی فەڵەستینی تیایدا نیشتەجێن، بۆردومان کرد و لە ئاکامدا، ٤٥ فەڵەستینی کوژران و ٢٤٩ی دیکەش برینداربوون.
ئەو کەمپەی کە بۆردومان کرا، پێشتر لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە وەک پەناگەیەکی ئارام دەست نیشان کرابوو، بۆ ئەوەی ئاوارە فەڵەستینییەکان ڕووی لێ بکەن.