Heman Hussein Yaseen
22 تشرینی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 28 تشرینی دووەم 2023
هەولێر - AA
سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، موسا ئەحمەد لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ھاوبەشدا لەگەڵ کۆنسولی گشتیی فەڵەستین لە ھەولێر، باڵیۆز نەزمی حەزوری تیشکیان خستەسەر ئەو کۆمەک و ھاوکارییانەی کە بڕیارە لە ماوەیەکی کەمدا بینێرن بۆ کەرتی غەززەی گەمارۆدراو.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، موسا ئەحمەد لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی زیانمەندانی ئەم کارەساتەی غەززە دەکەین و ھیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین، دەزگای خێرخوازی بارزانی بەپێی ئەوەی کە نوێنەرایەتی دۆسیەی مرۆیی دەکات، ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمەڵایەتی و ئابووری نەتەوەیەکگرتووەکانە، بۆیە لەھەر بوێنرێکی مرۆییدا لە ناوچەکەدا، بەئەرکی خۆی ھەڵدەستێت، ھەر بۆیەش لە ١٨ی مانگی تشرینی یەکەم لەگەڵ ھەموولایەک لەسەر ھێڵ بووین کە چۆن بتوانین ھاوکاربین، بۆیە ئەمڕۆ ھەنگاوی ھەناردەکردنی کۆمەک و ھاوکارییەکان بۆ کەرتی غەززە دەست پێدەکەین".
موسا ئەحمەد لەبارەی قەبارە و جۆری کۆمەک و ھاوکارییەکان گوتی: "ھاوکارییەکان بریتیین لە ١٤ تۆن دەرمان و کەلوپەل و پێداویستی پزیشکی، دوو ھەزار و ٥٠٠ سەبەتەی خۆراک، ٢٠٠ سەبەتەی تەندروستی و ٢٠٠ کارتۆن جلوبەرگ، ئەم ھاوکارییانە مرۆییانە، لەرێگەی فڕۆکەوە دەگەیەندرێنە فڕۆکەخانەی عەرەب لە میسر و لەوێشەوە دەگوازرێنەوە دەروازەی سنووریی رەفح بۆ ئەوەی ڕادەستی خەڵکی لێقەوماوی غەززە بکرێت".
ھەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، کۆنسولی گشتیی فەڵەستین لە ھەولێر، باڵیۆز نەزمی حەزوری گوتی: "زۆر سوپاسی ھاوکارییە مرۆییەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەکەین. ئەمە شتێکی نوێ و سەیر نییە بۆ ئێمە، ھەرێم بەردەوام دەستی ھاوکاری و مرۆیی بۆ خەڵکی فەڵەستین درێژکردووە".
نەزمی حەزووری گوتیشی: "بەھۆی شەڕی غەززەوە ھەزاران ھاووڵاتیی سڤیلی فەڵەستین کوژراون کە زۆرینەیان ژن و منداڵن و دەیان ھەزار کەس ئاوارەبوون. ئێستا نزیکەی نیو ملیۆن فەڵەستینی بەدەست بێ خواردن و بێ ئاوییەوە دەناڵێنن و لە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و پێداویستییەکانی رۆژانە بێبەشن، پزیشکەکان و بەرپرسانی فریاکەوتنی شارستانی لە فەڵەستین پێویستی بە ھاوکاری ھەبووە، ئەمڕۆ دەیبینین کە فەڵەستینییەکان لە ژێر داروپەردووی ڕووخاویاندا ھەن، فەڵەستینییەکان بە دەستی خۆیان داروبەرد ھەڵدەدەنەوە و بەدوای کەسوکارییاندا دەگەڕێن".