Hemın Othman Mohammed
15 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 15 حوزەیران 2017
دەوحە - AA
ئەوە راگەیەنرا کە بەمەبەستی بەشدارییکردن لە مانۆڕێکی سەربازیی لەگەڵ هێزە دەریاییەکانی قەتەردا، دوو کەشتی جەنگیی ئەمریکی، گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فەرمیی هەواڵیی قەتەر (QNA)، لە روونکردنەوەیەکدا کە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی قەتەرەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە دوو کەشتیی جەنگیی ئەمریکی گەیشتوونەتە بەندەری نێودەوڵەتیی حەمەد لە باشووری خۆرهەڵاتی دۆحە.
باس لەوەشکراوە کەشتییە جەنگییەکان بەمەبەستی بەشدارییکردن لە مانۆڕێکی سەربازیی لەگەڵ هێزە دەریاییەکانی قەتەر هاتوون، بەڵام سەبارەت بە وادەی دەستپێکردنی مانۆڕەکە و ناوەڕۆکەکەی هیچ زانیارییەک بڵاونەکراوەتەوە.
لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی بەرگریی قەتەردا تیشک خراوەتە سەر ئەوەی ژمارەیەک کاربەدەستی هێزی دەریایی قەتەر، پێشوازییان لە کارمەندانی دوو کەشتییە جەنگییە ئەمریکییەکە کردووە.
ئاماژە بەوەدەکرێت کە ئەو مانۆڕەی بڕیارە ئەنجامبدرێت، یەکەم مانۆڕە لەدوای ئەو قەیرانەی لەنێوان قەتەر و ژمارەیەک لە وڵاتە عەرەبییەکاندا ١٠ رۆژ لەمەبەوبەر دەستیپێکرد.
هاوکات ئەوەی مایەی سەرنجە ئەوەیە کە کەشتییە جەنگییەکان لە کاتێکدا گەیشتوونەتە قەتەر کە گرژییەکانی نێوان ئەو وڵاتە و ژمارەیەک لە وڵاتە عەرەبییەکان، درێژەی هەیە.