Muhammet Ali Kemal
24 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 24 تشرینی یەکەم 2016
رۆما- AA
فڕۆکەیەک کە لە ماڵتا فڕی بوو و ژمارەیەک بەرپرسی یەکێتیی ئەورووپای هەڵگرتبوو، دوای ماوەیەکی کەم لە فڕین کەوتە خوارەوە.
فڕۆکەکە لەجۆری مێترۆلاینەری دوو بزوێنەری بوو و بەمەبەستی ئەنجامدانی گەشتێک بۆ شاری میسراتەی باکووری لیبیا بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی لوکا دەستی بە فڕین کردووە، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم لەبەرزبوونەوەی لە ناوچەیەکی نزیک لە فڕۆکەخانەکە کەوتووەتە خوارەوە و ئاگری گرتووە، تا ئێستاش هۆکاری رووداوەکە نەزانراوە.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی تایمز ئۆف ماڵتا کە یەکێکە لە پڕفرۆشترین رۆژنامەکانی ئەو وڵاتە و بەپشتەبەستن بە سەرچاوە ئەمنییەکان، هەر 5 سەرنشینەکەی ناو فڕۆکەکە گیانیان لەدەستداوە.
هاوکات رۆژنامەی ماڵتا تودەی بڵاوی کردەوە کە فڕۆکەکە سەربە لوکسەمبۆرگ بووە و بەپێی زانیارییە پشتڕاستنەکراوەکان، ژمارەیەک بەرپرسیی سەربازیی ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپای تێدابووە.
لای خۆیشییەوە ئاژانسی FRONTEX کە بەرپرسە لەسنوورەکانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا لە روونکردنەوەیەکیدا ئاماژەی بەوەکرد ئەو فڕۆکەیەی کەوتووەتە خوارەوە سەربە ئاژانسەکەیان نییە.
بەهۆی رووداوەکەشەوە گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی لوکا تا کاتێکی نادیار راگیران.