هه‌ولێر-AA
سه‌رۆكی سه‌نته‌ری هودا بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیجی، دکتۆر محه‌مه‌د بازیانی رایده‌گه‌یه‌نێت له‌دوای رزگاركردنی مووسڵیش عێراق سه‌لامه‌ت نابێت ئه‌گه‌ر به‌مشێوه‌ی ئێستا به‌ڕێوه‌بچێت، ده‌شڵێت: "دوای داعش سوننه‌كان داوای فیدراڵییه‌ت ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌ش قوڵایی ده‌بێت بۆ فیدراڵییه‌تی كورد و دوور نییه كۆنفیدراڵییهتێك پێكه‌وه دروست بكه‌ن".بازیانی ده‌ڵێت به‌م بارودۆخه‌ی ئێستاوه زۆر زه‌حمه‌ته كورد بتوانێت ده‌وڵه‌تی خۆی دابمه‌زرێنێت.
له هه‌فپه‌یڤینێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئانادۆڵو سه‌رۆكی سه‌نته‌ری هودا بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیجی تیشك ده‌خاته سه‌ر چه‌ند بابه‌تێكی عێراق و كوردستان و ناوچه‌كه. سه‌باره‌ت به‌عێراقی دوای داعش ئه‌و ده‌ڵێت: "له‌دوای داعش سیاسه‌ت و ستراتیجی ئه‌گه‌ره‌كان دێنه مه‌یدان، به‌پێی ئه‌گه‌ره‌كان كه له سه‌نته‌ره‌كه‌ماندا پێشبینیمان بۆ كردووه له دوای داعش دوو ئه‌گه‌ری سه‌ره‌كی بۆ عێراق هه‌یه، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر عێراق به‌م شێوازه بمێنێته‌وه و به‌مشێوه‌یه به‌ڕێوه‌بچێت ئه‌وا هه‌ر ئه‌و شه‌ڕی مه‌زهه‌بییه‌ی کە هه‌یه به‌رده‌وام ده‌بێت، ئه‌گه‌رچی ئێستا تاڕاده‌یه‌ك به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه كه‌مێك كپ بووه‌ته‌وه".
بازیانی باسی ئه‌گه‌ری دووه‌میش ده‌كات كه چه‌ندین ناوه‌ند و پسپۆڕیش ئاماژه و پێشبینییان كردووه له عێراقی دوای رزگاركردنی مووسڵ و نه‌مانی داعش كه شه‌ڕی پێشمه‌رگه و حه‌شدی شه‌عبییه و ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ری دووه‌میش ئه‌وه‌یه خوا نه‌خواسته شه‌ڕێكی دیكه دروست بێت ئه‌ویش شه‌ڕی حه‌شدی شه‌عبی و كورده، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی عێراق له‌و ناوچانه جێگیر ده‌بن كه به‌شی زۆری ئه‌و هێزانه‌ش شیعه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌وه ببێت ئه‌وا به‌دووری نازانم سنووری ئه‌و كات به‌خوێن دیاری بكرێت".
دکتۆر محەمەد بازیانی له درێژه‌ی قسه‌كانیدا باس له سوننه‌كان و بارودۆخیان ده‌كات و روونی ده‌كاته‌وه: "هه‌رچی سوننه‌كانن ئه‌وا به‌دووری نازانم داوای فیدراڵییه‌ت بكه‌ن بۆخۆیان له مووسڵ و ناوچه‌كانی دیكه‌یان. له‌و حاڵه‌ته‌دا كورد قوڵایی ده‌بێت بۆ ئه‌و فیدراڵییه‌ته و سوننه‌كانیش ده‌بنه قوڵایی بۆ كورد و به دووریشی نازانم ئه‌و كات سوننه و كورد له‌و فیدراڵییهتهدا كۆنفیدراڵییهتێك دروست بكه‌ن و له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بن جیاببنه‌وه له عێراق، به‌ڵام به‌پێی دید و بۆچوونی وڵاتانی زلهێز و ده‌ورووبه‌ریش ئه‌وه‌یه عێراق به‌یه‌ك پارچه‌یی بمێنێته‌وه، به‌ڵام كه دیفاكتۆ ده‌بێت و واقیع پێویست به‌وه ده‌كات ئه‌وا شتێكی تره، به‌ڵام ئه‌گه‌ر شه‌ڕ دروست ببێت ئه‌وا ره‌نگه عێراق پارچه پارچه ببێت".
سه‌رۆكی سه‌نته‌ری هودا بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیجی هێما بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه به‌گشتی عێراقی دوای داعش‌یش زه‌حمه‌ته سه‌لامه‌ت بێت، ئه‌و به‌مشێوه‌یه شرۆڤه بۆ بارودۆخه‌كه‌ی ده‌كات و ده‌ڵێت: "به‌گشتی پێشبینی ناكه‌م عێراقی دوای داعش عێراقێكی سه‌لامه‌ت بێت، به‌تایبه‌ت كورد زه‌مینه سازی بۆ راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ت ده‌كات ئه‌گه‌رچی زیاتر لایه‌نێك سووره له‌سه‌ر ئه‌مه ئه‌ویش پارتی دیموكراتی كوردستانه. له‌هه‌مان كاتدا یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان كه زۆن و چه‌ك و نفوزی هه‌یه داوا ده‌كه‌ن به‌دیالۆگ له‌گه‌ڵ عێراق بێت، به‌ڵام ئایا عێراق به‌مه رازی ده‌بێت؟، ئێرانیش له‌پشت مه‌سه‌له‌كه‌یه و عێراق تاڕاده‌یه‌كی زۆر ئیراده‌ی له‌ده‌ست داوه و ئێران ته‌حه‌كومی پێوه ده‌كات، به‌ڵام بوونی ترامپ و هه‌ڵكشانی په‌یوه‌ندیی نێگه‌تیڤ چه‌ند كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌م پڕۆژانه ده‌بێت ئه‌وه دوای بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت".
سه‌باره‌ت به‌ناكۆكییه‌كانی نێوان حكوومه‌تی عێراق و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دکتۆر بازیانی ده‌ڵێت "كوردستان ده‌بێت 550 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت بۆ عێراق بنێرێت رۆژانه، ئه‌مه‌ش به‌یاسا حكوومه‌تی هه‌رێمی به‌ستووه‌ته‌وه و ره‌نگه ئه‌مه ببێته سه‌ره‌تای ناكۆكییه‌كان دووباره، ئه‌گه‌ر چی چوار فراكسیۆنی كوردیش ره‌زامه‌ندن له‌سه‌ری و په‌سه‌ندییان كردووه، ره‌نگه حكوومه‌تی عێراق به‌هانه بدۆزێته‌وه و له هه‌وڵی ئه‌وه‌شدا بن هه‌رێمی كوردستان ببێته دوو ئاراسته و دابه‌شی بكه‌ن و لایه‌نێكی له‌گه‌ڵ عێراق مامه‌ڵه بكات و یه‌كێكیان باس له سه‌ربه‌خۆیی بكات، ئه‌مه ئێستا روویداوه، بۆیه ئه‌مه ره‌نگه حكوومه‌تی عێراق لێره‌وه یه‌كێتی كوردستان نه‌هێڵێت".
دكتۆر محه‌مه‌د بازیانی له درێژه‌ی قسه‌كانیدا له چوارچێوه‌ی ههفپهیڤینهكهیدا له‌گه‌ڵ ئانادۆڵو به‌دووری ده‌زانێت دوای داعش شیعه و شیعه بكه‌ونه گیانی یه‌كتر و ده‌ڵێت: "قه‌ناعه‌تم نییه شه‌ڕی شیعی شیعی دورست ببێت، ره‌نگه لێره و له‌وێ شتی ورده هه‌بێت، به‌ڵام شه‌ڕ له‌گه‌ڵ یه‌كتر ناكه‌ن، چونكه حكوومه‌تێكی گه‌وره‌ی مه‌زهه‌بی هه‌یه كه كۆماری ئیسلامیی ئێرانه و ته‌حه‌كومی به‌عێراق كردووه، به‌ڵام مه‌ترسییه‌كه له‌وه‌دایه میلیشیاكان بوون بهلهشكر و ترسی حه‌شدی شه‌عبی ته‌نها بۆ كوردستان نییه و بۆ وڵاتانی دهورووبهریشه، به‌تایبه‌ت ئه‌م هێزانه پسپۆڕه ئێرانییه‌كان مه‌شقیان پێده‌كه‌ن، بۆیه حه‌شدی شه‌عبی مه‌ترسییه له ئاینده‌دا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هێشتا ئه‌و شه‌رعییه‌ته به‌پێشمه‌رگه نه‌دراوه له‌لایه‌ن عێراقه‌وه و به حه‌شدی شه‌عبی دراوه".
بازیانی پێشی وا نییه داعش به‌ئاسانی له‌ناو بچێت و رایده‌گه‌یه‌نێت بیری ئه‌وان پێویستی به‌بیری پێچه‌وانه هه‌یه و روونی ده‌كاته‌وه: "داعش وه‌كو بیروبۆچوون و هزر ده‌مێنێت، پێشتر ئه‌نسار و پاشان قاعیده و ئێستا بوو به‌داعش، بۆیه ده‌بێت فكر به‌فكر به‌رنگاری ببینه‌وه، ته‌نها به‌چه‌ك له‌ناو ناچێت، ئێستا به‌ئاشكرا داعش به‌رپرسیارێتی خۆی له ته‌قینه‌وه‌كانی وه‌كو ئیستانبول راده‌گه‌یه‌نێت، داعش له‌وێ نییه، به‌ڵام خه‌ڵك و شانه‌ی نووستووی هه‌یه".
ده‌رباره‌ی درێژه‌كێشانی شه‌ڕی مووسڵیش بازیانی ده‌ڵێت: "شه‌ڕی مووسڵ زیاتر به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتانی زلهێز دیاریی ده‌كات چه‌ند ده‌خایه‌نێت، سه‌دام حوسێن له‌شكرێكی زۆر و هێزێكی زۆری هه‌بوو، به‌ڵام له چه‌ند رۆژێك له‌ناوچوو، بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌و جیددیهته هه‌بێت ئه‌وا داعش زۆر ناخایه‌نێت و شه‌ڕی مووسڵ زوو یه‌كلایی ده‌بێته‌وه، بۆیه ته‌واوبوونی داعش له ده‌ستی عێراقیش نییه، به‌ڵكو له چوارچێوه‌ی نه‌خشه‌یه‌كی گه‌وره‌تره له ناوچه‌كه، بۆیه به‌بۆچوونی من ئه‌گه‌ر واقیعی عێراق به‌مشێوه‌یه بمێنێته‌وه و ده‌ستوه‌ردانی وڵاتانی ناوچه‌كه و ده‌ورووبه‌ر به‌رده‌وام بێت و ده‌ستوه‌ردانی وڵاتانی زلهێز به‌مشێوه‌یه به‌رده‌وام بێت ئه‌وا پاش داعش‌یش شتی تر دروست ده‌بێت، بۆیه مه‌سه‌له‌ی داعش كۆمپانیاكانی چه‌ك و نه‌وت و شتی تر ته‌حه‌كومی پێوه‌ده‌كات".
ده‌شڵێت: "داعش به‌رژه‌وه‌ندیی زلهێزه‌كانی تێدایه و هه‌موویان كۆكردووه‌ته‌وه و له عێراق و سووریا كۆیان كردونه‌ته‌وه، ئه‌گه‌رچی وا خه‌ریكه ئاگره‌كه خۆشیان ده‌گرێته‌وه، به‌ڵام به‌گشتی ئه‌م ئاگره بۆ ئه‌وه‌یه خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه بكه‌ونه گیانی یه‌كتر و یه‌كتر ته‌واو بكه‌ن، ئه‌وه سعوودییه‌یان به یه‌مه‌نه‌وه سه‌رقاڵ كردووه، یه‌مه‌ن پارچه پارچه بووه، ئه‌وه سووریا به‌وشێوه‌یه، ئاگربه‌ست له‌لایه‌ن رووسیا و توركیا و ئێرانه‌وه راده‌گه‌یه‌نرێت، میلله‌تی سووریا ئیراده‌ی نه‌ماوه، بۆیه ده‌سه‌ڵاتداره خۆسهپێنهرهكانی ناوچه‌كه خۆیان سه‌پاندووه به‌سه‌ر میلله‌تانی ناوچه‌كه و وایكردووه به‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندیی و كورسییه‌كانییان ئیراده‌ی میللهتانییان نه‌هێشتووه".
زیاتریش ده‌ڵێت: "له عێراقیش ئێستا هه‌مان شێوه‌یه، ئه‌گه‌ر سبه‌ی ئێران بۆچوونی له‌گه‌ڵ بێت كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غداش نامێنێت".
سه‌رۆكی سه‌نته‌ری هودا له درێژه‌ی قسه‌كانیدا تیشك ده‌خاته سه‌ر ئه‌گه‌ره‌كانی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی و جیابوونه‌وه‌ی ئه‌مان له عێراق بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ ده‌ڵێت: "به‌م وه‌زعه‌ی ئێستا كورد زۆر زه‌حمه‌ته بتوانێت ده‌وڵه‌تی خۆی دابمه‌زرێنێت، ئه‌گه‌ر بۆی دانه‌مه‌زرێنن، چونكه پهرتهوازهیهكی سیاسی و ته‌نگه‌ژه‌یه‌كی ئابووری هه‌یه، ستراتیج و وتارێكی روون و گشتگیر و یه‌كمان نییه، وتارێكمان نییه هه‌موو لایه‌نه‌كان له پڕۆژه‌یه‌كدا یه‌ك بۆچوونییان هه‌بێت، پڕۆژه‌یه‌كی وه‌كو پێویستمان نییه كه چوارچێوه‌كه‌ی دیار بێت، ئه‌وه‌تا ده‌گوترا مانگی نۆ و ده‌ی رابردوو راپرسییه‌ك ده‌كرێت كوردستان له عێراق جیا ببێته‌وه ئه‌وه نه‌كرا، ئێستا روونه مانگی ئه‌یلوولی ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردن ده‌كرێته‌وه، به‌ڵام په‌رله‌مان په‌كخراوه، وه‌زیره‌كان نێردراونه‌ته‌وه بۆ ماڵه‌وه، ئێستا ئه‌وه چه‌ند مانگێك ماوه بۆ هه‌ڵبژاردن و لایه‌نه‌كان رێكنهوتوون كه سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌ت و په‌رله‌مان چی‌یان لێ بكرێت، چونكه كۆمه‌ڵێك یاسا هه‌یه په‌كییان كه‌وتووه".
ده‌شڵێت:" له رووی ده‌ره‌وه‌ش كورد تاڕاده‌یه‌كی زۆر دابه‌ش بووه، به‌شێك به‌ره‌و په‌یوه‌ندیی زۆر گه‌وره له‌گه‌ڵ ئێران و به‌شێكیشی له‌گه‌ڵ توركیا، په‌یوه‌ندییمان ده‌بێت له‌گه‌ڵ هه‌موو ده‌ورووبه‌ر باش بكه‌ین، كورد به‌داخه‌وه به‌رژه‌وه‌ندیی حزبی زاڵ كردووه، بۆیه په‌یوه‌ندییه‌كان پتر حزبیین نه‌ك دامه‌زراوه‌یی و ده‌زگایی".
له‌باره‌ی هێرشه‌كانی داعش بۆسه‌ر توركیا و جه‌ختكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ته‌قینه‌وه و هێرشی چه‌كداری له‌و وڵاته، دکتۆر محه‌مه‌د بازیانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ده‌ڵێت: "ئه‌و پڕۆژه‌ی ته‌حه‌كوم به‌چوار پایته‌خت و ده‌وڵه‌تی گه‌وره‌ی عه‌ره‌بی ده‌كات، هه‌مان ئه‌و پڕۆژه‌یه كه وڵاتێك ته‌حه‌كومی پێوه‌ده‌كات و ده‌یه‌وێت هیلالی شیعی ته‌واو بكات، توركیاش تاكه وڵاته له ناوچه‌كه كه ده‌یه‌وێت رووبه‌رووی ئه‌و هیلاله شیعییه ببێته‌وه، ئێستا و له داهاتووشدا به‌نیازن ئه‌وه‌ی له عێراق روویدا و كۆمه‌ڵێك كه‌س هاتن و پاساوییان به‌ده‌سته‌وه دا، ئه‌و شته‌ش له توركیا و له كوردستانیش دروستی بكه‌ن".
ده‌شڵێت: "بۆیه ئه‌وه‌ی له توركیا رووده‌دات له چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌یه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی ئاسایشی توركیا نه‌مێنێت و میلله‌تانی توركیا دژی یه‌ك بوه‌ستنه‌وه و شه‌ڕ له‌گه‌ڵ یه‌كتر بكه‌ن وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌ن، جگه له‌وه‌ش توركیا یارمه‌تیی ئۆئۆپۆزسیۆنی سووریا دەدات و وڵاتانی عه‌ره‌بیی ناوچه‌كه‌ش له‌گه‌ڵ توركیادا په‌یوه‌ندیی باشیان هه‌یه و ئه‌وەش وایكردووه ئه‌وه بۆ ئه‌وان ناخۆش بێت".
ناوبراو روونیشی ده‌كاته‌وه: "بۆیه ئه‌گه‌ر توركیا و ئێران رێكبكه‌ون له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كان كێشه‌كانی ناوچه‌كه چاره‌سه‌ر ده‌بن، ئه‌مه‌م به به‌رپرسانی توركیا و ئێرانیش راگه‌یاندووه، چونكه ئه‌و رێككه‌وتنه كێشه‌ی مه‌زهه‌بی ناهێڵێت و ئه‌و خێر و بێره‌ی ناوچه‌كه بۆخۆمان ده‌بێت، شه‌ڕی مه‌زهه‌بی كه‌س سوودی لێ نابینێت و زیانه‌كانی بۆ خه‌ڵكانی ناوچه‌كه‌یه".
له كۆتایی قسه‌كانیدا بازیانی باس له‌وه ده‌كات كه توركیا رێگره له‌به‌رده‌م ته‌واوبوونی هیلالی شیعی كه ئێران ده‌یه‌وێت به‌یه‌كی بگه‌یه‌نێت و ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ی تێیگه‌یشتووم به‌رهه‌ڵستی سه‌ره‌كیی ئێستا له‌به‌رده‌م هیلالی شیعی توركیایه، چونكه توركیا ئابووریی به‌هێزی هه‌یه و ستراتیجییەتی هه‌یه تا ساڵی 2023 ببێته 10همین وڵاتی گه‌وره. ئه‌گه‌ر چی هه‌ده‌په هه‌ڵه‌ی كرد له‌وه‌ی به‌شداریی حكوومه‌تی نه‌كرد سه‌رباری ئه‌وه‌ی دکتۆر ئه‌حمه‌د داودئۆغڵو بۆخۆی چوو بۆ لایان. هه‌ڵه‌ی كورده‌كان ئه‌وه‌بوو به‌شدارییان نه‌كرد له حكوومه‌تی داد و گه‌شه‌پێدان و هی توركیاش ئه‌وه‌بوو گوێی بۆ نه‌گرتن و ئێستا ئه‌وه‌تا ئه‌و نا بهرقهرارییهی له توركیا هه‌یه پاساو دراوه به‌وه‌ی كه ئاسایش تێكبچێت".
news_share_descriptionsubscription_contact

