Zana Natık Kerem
01 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 02 ئادار 2023
ھەولێر – AA
لە بەغدا سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لەگەڵ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس کۆبووەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی پەیوەندی دووقۆڵی نێوان عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاسۆی ھاوکارییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوولا سەبارەت بە پرسی ئاوارەکان و رۆڵی گرنگی نەتەوە یەکگرتووەکان لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی گۆڕانی ئاووھەوا، ھەروەھا ھەوڵەکان عێراق لەبەرپاکردنی رۆشنبیری مافی مرۆڤ و پتەوترکردنی گەشەسەندنی بەردەوام و رۆڵی عێراق لە پرسی سەقامگریی ناوچەکە تاوتوێ کراون.
باسی لەوەش کردووە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق سوپاسی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان (یۆنامی) لە عێراق و ھەوڵەکانی بۆ یارمەتیدانی عێراق لە قۆناغە جیاجیاکاندا کردووە و جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە عێراق لە قەیرانی سیاسی رزگاریی بووە و ئێستا ھەوڵەکانی بۆ ئاڵنگارییەکانی ئابووریی وژینگەیەکان خستووەتەڕوو.
محەمەد شیاع سوودانی رایگەیاندووە، ئەمڕۆ عێراق بووەتە کلیلی چارەسەری زۆرێک لە قەیرانەکانی ناوچەکە و رۆڵی ئەرێنی ھەیە لە چارەسەرکردنی قەیرانە ھەرێمایەتییەکان.
لای خۆیەوە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس پاڵپشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ ھەوڵەکانی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ئاووھەوا و یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی ئاوارەکان دووپاتکردووەتەوە، ھەروەھا ھەوڵەکانی حکوومەتی عێراقی لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەرز نرخاندووە.
شەوی رابردوو، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس بەسەردانێک گەیشتە بەغدا.