Zana Natık Kerem
07 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 07 ئەیلوول 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی پێشوازیی کرد لە نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، جێنین ھێنیس پلاسخارت.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوکردەوە کە لە دیدارەکەدا، پێشھاتەکانی رەوشی سیاسی لە عێراق و بنەبەستی سیاسیی، ھەروەھا ھەوڵەکانی حکوومەت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتیی تاوتوێ کراوە.
ھەروەھا ئاماژەی بەوەیشداوە کە جەخت کراوەتەوە لەسەر گرنگی پاڵپشتیکردن لەو دەستپێشخەرییەی کە سەرۆکوەزیران بۆ ئەنجامدانی دیالۆگی نیشتمانیی خستووەتەڕوو و ئەوەیش دووپاتکراوەتەوە کە ئەنجامدانی گفتوگۆ تاکەڕێگایە بۆ دەرچوونی عێراق لە قەیرانی سیاسیی، جگە لەوەیش دەبێتە مایەی دەستەبەرکردنی ئاسایشی و سەقامگیریی عێراق، بەجۆرێک کە داواکاری و خواستەکانی ھاووڵاتییان بۆ ژیانێکی باشتر و شکۆمەندانە جێبەجێ دەکرێت.
باسی لەوەش کردووە لە دیدارەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی پتەوترکردنی ھاریکارییەکانی نێوان عێراق و نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەتایبەتیش لە رووی پاڵپشتیکردن لە سەقامگیریی و ئاشتی کۆمەڵایەتیی.