Sarmand Hameed
03 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 04 کانوونی یەکەم 2018
رامەڵڵا - AA
سەرۆکی فەڵەستین، مەحمود عەباس لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ رۆما لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا، جۆزبێی کۆنتی کۆبووەوە.
ئاژانسی فەرمی ھەواڵیی فەڵەستین (WAFA) بڵاویکردەووەتەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، مەحمود عەباس و کۆنتی تاوتوێی پێشھاتە سیاسییەکان، بە تایبەت پەیوەست بە دۆزی فەڵەستینیان کردووە.
راوێژکاری سەرۆکی فەڵەستین بۆ کاروباری پەیوەندییەکانی دەرەوە، نەبیل شەعس لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، کۆبوونەوەی عەباس و کۆنتی بە ئەرێنی و گرنگ وەسف کرد.
نەبیل شەعس روونیکردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پابەندبوونی نێودەوڵەتی لە چارەسەرکردنی دۆزی فەڵەستین کراوەتەوە.
شەعس گوتی: "کۆنتی جەختی لە هەڵوێستی وڵاتەکەی کردەوە کە پاڵپشتی دۆزی فەڵەستین و داواکارییەکانی گەلی فەڵەستین دەکات".
ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە سەرۆکی فەڵەستین، مەحمود عەباس بە سەردانێک گەیشتە رۆما.
هەریەک لە وەزیری دەرەوەی فەڵەستین، ریاز مالکی و دادوەری دادگای فەڵەستین، مەحمود هەباش و راوێژکاری سەرۆکی فەڵەستین بۆ کاروباری پەیوەندییەکانی دەرەوە، نەبیل شەعس و راوێژکاری سەرۆکی فەڵەستین بۆ کاروباری دیپلۆماتی، مەجدی خالیدی یاوەری مەحمود عەباس دەکەن لە سەردانەکەی بۆ ئیتالیا.