Ömer Tuğrul Çam
03 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 04 تەمووز 2023
برۆکسل - AA
ناتۆ، لە چوارچێوەی هەڵوێستی بەرگریی درێژخایەن و بەرپەرچدانەوە کە لە دوای لکاندنی نایاسایی کریمیا لەلایەن رووسیاوە دەستیپێکرد و لەگەڵ هێرشەکانی رووسیاش بۆسەر ئۆکراینا خێراتر بوو، بە مەبەستی پەسەندکردنی لەلایەن سەرکردەکان لە لووتکەی ناتۆ لە ڤیلنیوس "پلانی ناوچە سەربازییەکان"ی ئامادەکردووە.
ناتۆ، دوای ئەوەی رووسیا لە ساڵی ٢٠١٤ کریمیای بە نایاسایی بەخۆیەوە لکاند لە ساڵی ٢٠١٨دا رووسیا و گرووپە تیرۆریستییەکانی وەکو هەڕەشەیەک دانا و گۆڕانکاری لە پلانەکانی بەرگری ئەنجامدا.
لە ساڵی ٢٠١٩دا ستراتیژییەکی نوێی سەربازیی ناتۆ پێکهێنرا، لە ٢٠٢٠دا ئەوە خرایەڕوو کە لە ناوچەکانی ئەورووپا-زەریای ئەتڵەسی چی دەتوانرێت بۆ بەرپەرچدانەوە و بەرگری بکرێت. لە ساڵی ٢٠٢١دا، گۆڕانکاری فاکتەرەکانی وەکو دیمۆگرافی و تەکنەلۆجیا خرایە بەرچاو و پەرە بە بیرۆکەی جەنگی گشتگیر درا.
دواتر ناتۆ، پلانی ناوچەکانی پێکهێنا کە لە کاری ورد و گشتگیر پێکهاتبوو تەنها ناوچەکانی ناو سنوورەکانی ناتۆی نەگرتەوە. ئەم پلانە نهێنییانە، بۆ سێ ناوچە پێکهێنرا.
یەکەمی ئەمانە، زەریای ئەتلەسی و باكووری ئەورووپایە لەژێر فەرماندەی فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی ناتۆ لە شاری نۆرفۆلک لە ئەمریکا. دووەمیان، ناوچەی ناوەڕاستی ئەورووپا کە لە وڵاتانی بەڵتیکەوە تاکو چیاکانی ئەڵپ دەگرێتەوە و لەژێر بەرپرسیارێتی بنکەی ناتۆ لە شاری برونوم لە هۆڵەندا دەبێت. سێیەم ناوچەش، لە شاری ناپۆلی ئیتاڵیا دەبێت و ناوچەی لە دەریای ناوەڕاستەوە تاکو دەریای رەش دەگرێتەوە لە ژێر بەرپرسیارێتی بنکەی ناتۆ دەبێت.
پلانەکان، ئەوە دیاری دەکات کە ناتۆ هێزەکانی کەی و چۆن لە بوارەکانی وشکانی، دەریایی، ئاسمانی، بۆشایی ئاسمان و سایبەر لەم ناوچانە جێگیر دەکات و لە کاتی هەڕەشەدا چۆن دەجوڵێنەوە.
لە چوارچێوەی پلانەکەدا ناتۆ ئامانجی ئەوەی هەیە کە هێزێکی ٣٠٠ هەزار سەربازی لانیکەم لە ماوەی ٣٠ رۆژدا بۆ باڵی رۆژهەڵات بگوازێتەوە.
پلانە ناوچەییەکانی ناتۆ، ئامانجێتی لە لووتکەی ناتۆ کە لە ١١-١٢ی تەمووز لە ڤیلنیوسی پایتەختی لیتوانیا بەڕێوەدەچێت پەسەندبکرێت.