Mohammed Baqi Hussein
20 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 21 شوبات 2016
رۆما
نووسەر و زانا و رەخنەگر و بیرمەندی بەناوبانگی ئیتاڵی ئومبەرتۆ ئیكۆ لەتەمەنی 84 ساڵیدا بەیەكجاری ماڵئاوایی لە ژیان كرد.
بەگوێرەی میدیاكانی ئیتاڵیا، ئیكۆ سەعات 10 و نیوی شەوی رابردوو بەكاتی ئەو وڵاتە كۆچی دوایی كردووە.
ئەو كتێبانەی كە ئیكۆیان بە جیهان ناساند و بۆ زۆرێك لە زمانەكان وەرگێڕدراون بریتین لە كتێبی "ناوی گوڵ" كە ساڵی 1980 نووسیویەتی، لەگەڵ كتێبەكانی "سەماكەری فاوكۆڵت"،"باودۆلینۆ"،"گۆڕستانی پراگ" و دواین كتێبی بەناوی "ژمارەی سفر".
ئیكۆ كە بە یەكێك لە بیرمەندە گرنگەكانی سەردەمی خۆی دادەنرێت، چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی و نازناو و مەدالیای رێزلێنانی لە ئیتاڵیا، ئەڵمانیا و فەڕەنسا بەدەست هێناوە.
ئومبەرتۆ ئیكۆ لە 5ی كانوونی دووەمی 1932 لە شاری ئەلێساندرای ئیتاڵیا لەدایك بووە و ساڵی 1954 بە نووسینی توێژینەوەیەك لەبارەی فەلسەفە و ئەدەبیاتی چاخی ناوەند زانكۆی تۆرینۆی تەواو كردووە. دواتر لە ساڵی 1961 درێژەی بە ژیانی ئەكادێمی خۆی دا و لە زانكۆكانی تۆرینۆ، فلۆرانسا و بۆلۆگنا درێژەی بە كارەكانی دا.