Hemn Husain
20 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 21 شوبات 2016
هەولێر
ماوەی دوو ساڵە هەرێمی كوردستان رووبەڕووی قەیرانی دارایی بووەتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێكی دەركرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم قەیرانە، بەپێی لێدوانی بەشێك لە حزبەكان، لەسەرەتای درووسبوونی ئەم قەیرانە بوودجەیان بڕدراوە.
ئەندامی ئەنجوومەنی كارگێڕی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بێكەس قادر لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دیارە لەسەرەتای دروستبوونی قەیرانی دارایی، بوودجەی لایەنە سیاسییەكان بە شێوەیەكی فەرمی نەدراوە و، ئێمە لەسەرەتای ساڵی 2014وە هیچ بوودجەیەكمان وەرنەگرتووە و لەسەر تواناكانی خۆمان كاردەكەین، نەبوونی بوودجە كاریگەری لەسەر بواری راگەیاندنی ئێمەداناوە بە تایبەت كە ئێمە لەدوای راپەڕینەوە، كار و ژیانی خۆمان لەسەر بوودجە رێكخست بوو، بۆیە بە شێوەیەكی گشتی ئەم قەیرانە كاریگەری لەسەرمان هەبووە".
بێكەس قادر پێی وایە كە نەبوونی بوودجە كارناكاتە سەر خەباتی سیاسیی حزبەكان و لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: "بەڵام بە پێچەوانەی هەموو ئەو بۆچوونانەی كە هەبوون، حزبی زەحمەتكێشان بەبێ بوودجەش دەتوانێت كاروبارەكانی لە جاران باشتر بەڕێوەببات، واتا ئێمە بەبێ بوودجەش كاروبارەكانمان بە شێوەیەكی ئاسایی بەڕێوەدەبەین". بێكەس قادر پێشی وایە كە ئەم قەیرانە داراییە بە دیوێكی دیكە، كاریگەری لەسەر بژێوی ژیانی كەسانی سیاسییش داناوە و گوتی: "بە دڵنیاییەوە بە دیوێكی دیكە، ئەم قەیرانەی دارایی كاریگەری لەسەر ژیانی ئێمە و ئەندامانی دیكەش داناوە چونكە ئێمە لایەنێكی سەرەكی ناو دەسەڵات نەبووین بەڵكو لە دەرەوەی دەسەڵات بووین بۆیە پێم وایە ژیان و گوزەرانی ئەندامانی ئێمە لە هەموویان خراپترە". سەبارەت بە درێژەپێدانی كاری سیاسیی لە حاڵەتی نەبوونی بوودجەیەكی بەردەوام، بێكەس قادر گوتی: "بە شێوەیەكی سەرەكی بواری راگەیاندنمان راگرتووە، بەڵام كاریگەری لەسەر بوارەكانی دیكە بە شێوەیەكی گشتیی نەبووە و لەكاری سیاسیی بەردەوامین". لەبارەی بەدواداچوون لە هۆكارەكانی بڕینی بوودجەی حزبەكەیان، بێكەس قادر گوتی: "ئێمە بەدواداچوونمان كرد و تا ئێستا دیار نییە كە لایەنەكانی دیكە بوودجەیان وەرگرتووە یان نا، گومانێك هەبوو كە هەندێك لە لایەنەكان ژێر بە ژێر بوودجە وەردەگرن، ئێمە تا ئێستا هیچ بوودجەیەكمان وەرنەگرتووە و بۆ بوودجەی لایەنەكانیش تاوەكو ئێستا بۆمان ساغ نەبووەتەوە".
ئەندامی ئەنجوومەنی كارگێڕی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، بێكەس قادر لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: "ئێمە بە دڵنیاییەوە بەردەوام دەبین لە كاری خۆمان، ئێمە لە رابردووشدا و پێمان وابوو كە بوودجەی حزبەكان قورسایی لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستانی دانابوو، بۆیە پێمان وایە دەبێت حزبەكان بەتوانای دارایی خۆیان كارەكانیان راپەڕێنن". بڕینی بەشە بوودجەی حزبەكان كاریگەری راستەوخۆی كردووەتە سەر ژیانی ئەندامانی ئەو حزبانە و بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستانیش پێی وایە بەبێ هیچ پاساوێك بوودجەی حزبەكەیان بڕدراوە.
ئەندامی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان مامۆستا عەبدوڵڵا وەرتی پێی وایە كە دەبووایە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشێك لە بوودجەی حزبەكانی بهێشتایەوە بۆ ئەوەی بتوانن كارەكانییان راپەڕێنن.
سەبارەت بەم پرسە عەبدوڵڵا وەرتی گوتی: "ئێمە ماوەی 26 مانگە هیچ بوودجەیەكمان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەرنەگرتووە و ئێمە لەگەڵ حكوومەت و لە كۆبوونەوەی لایەنەكانیش گلەییمان كردووە و رەخنەكانمان گەیاندووە و چونكە دەبوو هەر لەسەرەتاوە بەشێك لە بوودجەیان بدابوایە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان".
عەبدوڵڵا وەرتی ئاماژە بە بڕیارێكی پەرلەمان دەكات سەبارەت بە پێدانی بەشە بوودجەی حزبەكان، بەڵام پێی وایە كە ئەم بڕیارە پشتگوێ خراوە و لە درێژەی لێدوانەكەیدا گوتی: "لە پەرلەمانی كوردستان پرۆژە یاسایەك پەسەند كرا سەبارەت بە پێدانی بوودجە بە حزبەكان و ئەمەش لەسەر دوو پێوەری بنچینەیی بوو، یەكەمیان بریتی بوو لە كورسی پەرلەمان و دووەمیان بریتی بوو لە خەباتی شاخ كە بڕی بوودجەكە زیاتر دەبوو، ئیتر ئەم بڕیارە لەلایەن پەرلەمانی كوردستان پەسەند كرا و ناردرا بۆ حكوومەت، بەڵام تاوەكو ئێستا پشتگوێ خراوە".
لە بەرامبەریشدا گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێی كە وایە قەیرانی دارایی هۆكاری بڕینی بوودجەی حزبەكان بووە بەبێ جیاوازی.
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەفین دزەیی لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای دروستبوونی قەیرانی دارایی، حكوومەتی هەرێم چەند هەنگاوێكی نا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە و یەكێك لەو هەنگاوانە بڕینی بوودجەی حزبەكان بوو بەبێ هیچ جیاوازییەك و لە داهاتووشدا ئەگەر پێدانی بوودجەی حزبەكان دەست پێ بكاتەوە ئەوا بێگومان دەبێت میكانیزمێك هەبێت بۆ پێدانی بوودجەی حزبەكان، چونكە حكوومەت لە ئێستادا ناتوانێت تەواوی مووچەی مووچەخۆران بدات لە كاتێكاد بە یاساش رێكخراوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە ئێستادا ئەولەویەت بۆ مووچەخۆرانە و لە سەرووی هەمووشیانەوە هێزەكانی پێشمەرگە".