Arif Yusuf
25 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 26 ئەیلوول 2019
بەغدا ــ AA
راگەیەندرا كە سەرۆكی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەركۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح رایگەیاندووە: "گرنگە كەمینە ئاینییەكان لە عێراق بپارێزرێن و هەمووان بەرەنگاری هەڵسوكەوتەكانی ئێران ببنەوە كە بووەتە هۆی شڵەژانی سەقامگیری ناوچەكە".
دۆناڵد ترەمپ و بەرهەم ئەحمەد ساڵح لە پەراوێزی كۆبوونەوەكانی خولی ٧٤ەمینی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك كۆبوونەوە.
كۆشكی سپی راگەیەندراوێكی سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە بڵاوكردەوە و تیادا ئاماژەی بەوە كردووە كە لە كۆبوونەوەكەدا، پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان ئەمریكا و عێراق تاوتوێ كراوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە هەر لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی ئەمریكا و سەركۆماری عێراق گفتوگۆیان كردووە سەبارەت بە چۆنیەتی پتەوتركردنی شەراكەیەتی بەهێزی نێوان هەردوو وڵات وەك ئاسایش، بازرگانی و وزە.

لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ پاڵپشتی بەهێزی خۆی بۆ جەنگی بەردەوامی دژبە داعش و سەرجەم گرووپە تیرۆریستییەكان دووپاتكردووتەوە و گوتوویەتی: "گرنگە كەمینە ئاینییەكان لە عێراق بپارێزرێن و هەمووان بەرەنگاری هەڵسوكەوتەكانی ئێران ببنەوە كە بووەتە هۆی شڵەژانی سەقامگیری ناوچەكە".
هەروەها سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاندووە كە وڵاتەكەی پابەندە بە دیموكراتی و سەروەریی یاسای عێراق.
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا هاتووە: "هەر لە كۆبوونەوەكەدا هەردوو سەرۆك هاوڕابوون لەسەر ئەوەی كە گرنگە حكوومەتی عێراق ئەوەی لە توانیدایە بیخاتەگەڕ بە ئامانجی پاراستنی وەبەرهێنەران و كۆمپانیاكانی وزەی ئەمریكا كە هەوڵدەدەن كاری بازرگانی بكەن لە عێراق".