Heman Hussein Yaseen
22 تەمووز 2024•نوێکردنەوە: 23 تەمووز 2024
هەولێر - AA
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان-عێراق، فەوزی ھەریری پێشوازی لە باڵیۆزی ئازەبایجان لە عێراق نەسیر ماممادۆڤ کرد.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان-عێراق بڵاوی کردووەتەوە کە باڵیۆزی ئازەربایجان لە عێراق بانگھێشتنامەیەکی فەرمیی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی بۆ نێچیرڤان بارزانی گەیاندە سەرۆکایەتی ھەرێم.
ئەوەشخراوەتەڕوو کە بانگھێشتنامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان-عێراق، نێچیرڤان بارزانی بۆ بەشداریکردنە لە کارەکانی لووتکەی سەرکردەکانی جیھان لە کۆنگرەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆ ئاو و ھەوا (COP29) کە ڕۆژانی ١١-٢٢ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە باکوی پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوە دەچێت.
ئاماژە بەوەشکراوە کە لە دیدارەکەدا برەودان بە پەیوەندییەکانی ئازەربایجان لەگەڵ عێراق و ھەرێم و فراوانکردنی ھاریکاریی ھاوبەشی نێوانیان، دۆخی عێراق و ھەرێم و پێشھاتەکانی ناوچەکە بەگشتی، تاوتوێ کران.
لە بەشێکی ھەواڵەکەدا ھاتووە کە باڵیۆزی ئازەربایجان خواستی وڵاتەکەی بۆ برەودانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھەرێم دەربڕیووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە سەردانی سەرۆکی ھەرێم بۆ باکو و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئازەربایجان، ئیلھام عەلیێڤ، لاپەڕەیەکی نوێی لە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق و ھەرێمدا کردەوە.