هەولێر - AA
ئەمڕۆ یەکشەممە، بە هاوبەشی نێوان زانکۆکانی سلێمانی، دھۆک، ھەولێر و زانکۆی کوردستان لە هەولێر، کۆنفرانسی یەکسانی جێندەر و ستراتیجی ھێزی ژنان دەستی بەکارەکانی کرد و تێیدا ژمارەیەکی بەرچاوی میوانی بیانی، ناوخۆیی، پسپۆڕ و ئەکادیمی ئامادەیبوون.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە کۆنفرانسەکەدا، گوتارێکی لەبارەی یەکسانی جێندەر و هێزی ژنان پێشکەیش کرد و تیاییدا جەختی لەوە کردەوە کە ئافرەتان دەتوانن هاوشانی پیاوان بەشداربن لە کایەی سیاسییدا و ئەوەیشی خستەڕوو کە ژێردەستەکردن جۆرێکە لە توندوتیژی بەرامبەر جێندەرێکی دیارییکراو.
نێچیرڤان بارزانی گوتی: "باسی یەکسانیی نێوان نێر و مێ، کوڕ و کچ و پیاو و ژن لە بنچینەدا باسێکی سیاسییە، پەیوەستە بە مافی تاکەکەسەوە لە کۆمەڵگادا. ئەگەر مافەکان بۆ ھەموو تاکەکان وەک یەک بن، کەواتە نابێت رەگەزێک ئەوی دیکە پەراوێز بخات، نەیخوێنێتەوە، بەشداری پێنەکات، یاخود ستەمی لێ بکات و لەگەڵیدا توندوتیژ بێت. زۆر ھۆکار ھەن کە وایانکردووە ئافرەت ستەملێکراو بێت لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، لەوانە: بەشوودانی زۆرەملێ، کوشتن بە بیانووی ئابڕوو، دەستدرێژیی سێکسی، توندوتیژی لە ناوەوەی خێزان و لە دەرەوەی خێزان، یاخود پەراوێزخستن و ژێردەستەکردنی".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "بەشێک لەو ھۆکارانە، جێبەجێکردنی بەھەڵەی دابونەریتە. ئێمە کە دژی دەوەستینەوە، لەیەک کاتدا ھەم ستەم لەسەر ئافرەت کەم دەکەینەوە، ھەم ناشیرینییەکیش لە کولتووری خۆماندا دەسڕینەوە. بەشێکی دیکە لە ھۆکارەکان، تێگەیشتنی ھەڵەیە بۆ ئایین. ئێمە کە قەدەغەیان دەکەین، لەگەڵ ئەوەدا کە ئافرەت دەپارێزین، ئایینیش لە تێگەیشتنێکی ھەڵە دەپارێزین. بەشێکی زۆریش لە ھۆکارەکان لە ناڕۆشنبیریی تاکەکەسەوە سەرچاوە دەگرن، بۆیە کاتێک تاکەکەس لەسەر پرسی یەکسانی و ئازادی پەروەردە دەکەین، ئافرەتیش لە توندوتیژی و ستەم و چەوساندنەوە دەپارێزین. قسەکەم ئەوەیە کە پێویستە ئەمە لە خوێندنی سەرەتایی ئەم کولتوورە لە مێشکی منداڵانی ئێمەدا جێگیر بکرێت".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەیشی خستەڕوو کە نابێت تواناکانی ئافرەت سنووردار و ژێردەستە بکرێت و گوتی: "باوەڕی ئێمە ئەوەیە کە نابێت کۆمەڵگە بە شێوەیەک بێت کە تواناکانی ئافرەت سنووردار بکات، یان بە شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ ئافرەتدا بکات کە ژێردەستەی بکات. ھەوڵی ئێمە بۆ ئەوەیە کۆمەڵگە بکەین بەو ناوەندە کە تێیدا ئافرەتیش وەک پیاو، ئەو ئازادییەی ھەبێت تواناکانی خۆی پەرە پێبدات، توانای پەروەردەیی، ھونەریی، سیاسیی، پیشەیی و ئابووریی. کەواتا کاری ئێمە لە پرسی یەکسانیی ھەردوو رەگەزدا، وەڵامێکی سیاسییە بۆ کۆمەڵێک پەیکەرەی کۆمەڵایەتیی کە نیوەی کۆمەڵگە پەراوێز دەخەن لەسەر بنەمای جیاوازیی رەگەز".
نێچیرڤان بارزانی، تێگەیشتنی خۆی بۆ یەکسانی جێندەریی خستەڕوو و گوتی: "لێرەدا راستییەک ھەیە دەمەوێت بیخەمەڕوو کەزۆر باس لە یەکسانیی نێوان دوو رەگەز دەکرێت. دەمەوێت تێگەیشتنی خۆم بۆ یەکسانیی نێوان پیاو و ئافرەت لە یەک ئامانجی گشتگیردا بخەمەڕوو کە ئامانجی ئێمە ئەوەیە کۆمەڵگایەک بونیاد بنێین کە تێدا پیاو و ژن وەک یەک سوودمەند بن لەو دەرفەتانەی بۆیان دەرەخسێت. وەک یەک سوودمەند بن لە مافەکانیان. وەک یەک بتوانن ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن. بە جۆرێک کە ھەردوو رەگەز بە یەکسانی بواریان پێبدرێت بۆ بەشداریی ئابووری، بۆ دروستکردنی بڕیار، بۆ ئەزموونکردنی ویستەکانیان و بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانیان".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "کەواتا ئەم باسە زیاترە لە یەکسانی لە بەشداریکردندا. ئەم باسە پەیوەستە بە مافی ئافرەتەوە وەک تاک کە بە دڵنیایییەوە، چەسپاندنی ھەر مافێک پێویستی بە یاسا و کاری دامەزراوەیی ھەیە لە ھەرێمی کوردستاندا. ئێمە لە ھەرێمی کوردستاندا کارمان لەسەر ھەردوو بنەمای چەسپاندنی مافی ژن کردووە، ئەوەش لە رێگای ھەمواری یاسای باری کەسی و لە رێگای بەدامەزراوەییکردنی مافی ئافرەتەوە، بەڵام یەکسانی ئامرازە و ئازادکردنی تاک و ئازادکردنی ئافرەت، ئامانجە، ئازادکردن بە دوو مانا دێت، ئازادکردن لە ستەم و ئازادکردن بۆ جێبەجێکردنی ئەرک. باوەڕی ئێمە ئەوەیە کە ئەم دوو جۆرە لە ئازادی لە بەرژەوەندیی ژناندایە. سەرەتا ئێمە دەبێت ئافرەت ئازاد بکەین لە کۆمەڵێک ھۆکار کە تواناکانی کۆت و بەند کردووە. کە ئەوەمان کرد ئینجا ئافرەت دەتوانێت ئازاد بێت بۆ دۆزینەوەی تواناکانی خۆی لە کۆمەڵگادا".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر بەشێک لە کێشە و گرفتەکان کە رووبەڕوی ژنان دەبنەوە و رایگەیاند "ئەگەر ژن بەو واتایە ئازاد بێت، لەگەڵ ئەوەدا کە ئەرکی دایکایەتی بەجێ دەھێنێت، دەتوانێت شانبەشانی پیاو، خاوەن ئابووریی سەربەخۆی خۆی بێت. دەتوانێت ببێتە پزیشک، ببێتە ئەندازیار، مامۆستا، نووسەر، لێکۆڵەر، رەخنەگر، سیاسەتمەدار، چالاکوان، میدیاکار، پیشەوەر. تەنانەت دەتوانێت ببێتە پۆلیس و ئاشتی کۆمەڵاتیی بپارێزێت، یاخود ببێتە پێشمەرگە و پارێزەری خاک و نیشتمان بێت. ئەگەر حەزیش بکات دەتوانێت ببێتە سەرۆکیش، ئەوەش کێشەیەک نییە. بۆیە ژنان نابێت لە تواناکانیان جیا بکرێنەوە، چونکە بە پەراوێزخستنیان، کۆی کۆمەڵگەی ئێمە زیانی پێدەکەوێت. ناکرێت ئافرەتان بخرێنە بەردەم جۆرێک لە بژاردەوە، ئەگەر یەکێکیان ھەڵبژارد، دەستبەرداری ئەوی دیکە بن".
نێچیرڤان بارزانی بە نموونەیەک درێژەی بە قسەکانیدا و گوتی: "بۆ نموونە، ژنان لەنێوان ماڵ و کاری دەرەوەدا، تەنھا یەکێکیان پێ رەوا ببینرێت، بێگومان ئەمە دروست نییە، بەڵکو دەبێت کەشی ماڵ بە شێوەیەک بێت، ھاوکار بێت بۆ کاری دەرەوەیان. بە ھەمانشێوە، کاری دەرەوەیان بە شێوەیەک رێکبخرێتەوە کە زیان بە ئەرک و پێگەیان نەگەیەنێت لە ماڵ، ئەگەر بڕیاریان دا ببن بە ھاوسەر و ببن بە دایک. ئەم باوەڕە بۆ ئێمە تەنھا دروشمێک نییە، بەڵکو جیھانبینیی ئێمەیە. جیھانبینییەک کە لای ئێمە سێ رەھەندی ھەیە، رەخنەیە، دیدگایە، نەخشەڕێییە. رەخنەیە لە قۆرخکاریی کایەکانی ژیان بەتەنھا لەلایەن پیاوەوە. ئەم قۆرخکارییە دەبێت راست بکرێتەوە بۆ ئەوەی ئافرەتیش لە کایەکانی ژیاندا بەشدار بن، دەبێت ھەموو کارێک لەم رووەوە ئەنجام بدرێت، هەروەها دیدگایە، ئێمە کۆمەڵگەیەک وێنا دەکەین کە دەوڵەمەندە بە داھێنانەکانی پیاو و ژن بە بەشداری و کـاری ھـەردوو رەگەز، بۆ ئەوەی ھەردوو رەگەز تێیدا سەربەست بن و لە جوانییەکانی ژیان زیاد بکەن. نەخشەڕێگایە: چونکە ئێمە بە شێوەیەکی کردەیی لە ماوەی بیست ساڵی رابردوودا، بە سێ میکانیزم کارمان لەسەر کەمکردنەوەی پەراوێزخستنی ئافرەت کردووە لە ھەموو رەھەندەکانی ژیاندا".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "رێگای یەکەم لە رێی ھەمواری یاساکانەوە بەتایبەت یاسای کەسێتیی عێراقی. بە دیاریکراویش یاساکانی ساڵانی ١٩٥٩ و ١٩٦٩ بۆ نەھێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان. رێگای دووەم لە رێی بەدامەزراوەییکردنی یەکسانیی ھەردوو رەگەزەوە، بەتایبەتی جێکردنەوەی ژن لە دامەزراوە فەرمییەکان و رێکخستنی ئەو دامەزراوانە بە جۆرێک کە پارێزگاری لە رۆڵ و پێگەی ژنان بکرێت. رێگای سێیەم لە رێی ھاندانی ژنانەوە بۆ بەشداریی سیاسییان، بەتایبەتیش زیادکردنی رێژەی کۆتا لە پەرلەمان لەسەدا ٢٥وە بۆ سەدا ٣٠، بەمەبەستی زیادکردنی ئامادەییی ئافرەتان لە دەسەڵاتی یاسادانان و دروستکردنی بڕیاردا".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند کە گرنگ ئەوەیە نێرو مێ ستەم لەیەکتر نەکەن و هەردوولا وەکو یەکتر مافیان هەبێت و گوتی: "لە راستیدا، نەتەوە و کولتوور و ئایین، ئەو بڕیارەی بۆ داوین کە دوو رەگەزی نێر و مێ، تەواوکەری یەکترن، ھاوکاری یەکترن، پێکەوە ژیان بەرھەم دەھێنن، وەک یەک بەھایان ھەیە، وەک یەک گرنگن بۆ دروستکردن و مانەوە و بەردەوامیی ژیان، ئەمانە ھەموویان نە کێشەیان لەگەڵ ئایین ھەیە نە کولتوور، ھەموویان ئەو رێگایەمان پێدەدەن. گرنگ ئەوەیە ئەو دوو رەگەزە ستەم لە یەکتر نەکەن، بنەمای کۆتاییھێنانی ستەمیش پاراستنی مافە. بۆیە پێویستە ھەردوو رەگەز وەک یەک مافیان ھەبێت، وەک یەک ئەرکیان پێ بسپێردرێت، وەک یەک رێز لە جیاوازییەکانیان بگیرێت وەک یەک دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنرێت".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "با ئەوەش بەبیر خۆمان بھێنینەوە: ئەوەی کە بووەتە بەربەست لە بەرامبەر ئافرەت، تەنھا پیاو نییە. ئەگەر پیاوێک بێت و ستەم بکات، پێویستە دەستی بگیرێت و بواری نەدرێت، بەڵام ھەندێک جار ئەوەی کە ستەم لە ژن دەکات، دەکرێت ئافرەتێکی دیکە بێت کە پێویستە پەروەردە بکرێت. یاخود، دەکرێت ھەندێک ھەڵەی دابونەریت بن کە پێویستە بنەبڕ بکرێن. دەکرێت ھەندێک یاسا بن کە پێویستە بە ھەموارکردنەوە، ھەموار بکرێنەوە. دەکرێت ھەندێک تێگەیشتنی ئایینی بن کە پێویستیان بە راستکردنەوەیە. دەکرێت تەنانەت سیستەمێکی سیاسیی بێت و پێویستی بە کرانەوەی زیاتر ھەبێت بەڕووی بەشداریکردنی ژنان".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی گوتارەکەیدا، جگە لە سوپاسکردنی مامۆستایانی ئایینی، ئاماژەی بە ناوی هەندێک کەس دا کە پێشتر کاریان لەسەر یەکسانیی جێندەریی کردووە و جێ پەنجەیان دیار بووە و لەمبارەیەوە گوتی: "دەمەوێت لێرەدا بەڕێزەوە یادی دوو خانمی کارا، خوالێخۆشبوو مەھاباد قەرەداخی و خاتوو نەمام غەفووری بکەمەوە کە خزمەتێکی زۆریان لەم بوارەدا کرد و بەداخەوە ھەردووکیان بە کۆرۆنا کۆچی دواییان کرد، ھەروەھا لێرەوە بەتایبەتی دەمەوێت بڵێم، ھەمیشە ئێمە لەم بۆنانەدا دەبێت بە رێزەوە یادی زانای ناودار خوالێخۆشبوو مامۆستا مستەفا زەڵمی بکەینەوە کە بەتایبەتی بەڕێزیان لە رووی یاساییەوە ھەوڵ و کۆشش و ماندوبوونێکی زۆری بینی و خزمەتێکی زۆری بۆ پاراستنی مافی ئافرەت و یەکسانی کرد".
news_share_descriptionsubscription_contact

