جۆھانسبورگ
سەرۆکی دەوڵەتی باشووری ئەفریقیا ژاکۆب زوما لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی رەسمی دەوڵەت رایگەیاند ماندێلا لە نێو ماڵی خۆیدا کۆچی دوایی کرد.
نێڵسۆن ماندێلا کە بە ھۆی نەخۆشی جەرگەوە رێکەوتی ھەشتی مانگی حوزەیران گواسترایەوە نەخۆشخانە، یەکی ئەیلوول گەڕایەوە ماڵەوە.
نێڵسۆن ماندێلا بە ھۆی تێکۆشانی لە دژی نەتەوەپەرەستی رژیمی سپی پێستەکان ٢٧ ساڵی تەمەنی خۆی لە نێو بەندیخانەدا بردە سەر و دواتر وەکو سەرۆکی دەوڵەت پێنج ساڵ خزمەتی وڵاتەکەی کرد.
نێڵسۆن ماندێلا کوڕی سەرۆکی ھۆزی تەمبۆ، لە ١٨ی تەمووزی ساڵی ١٩١٨ لە دایکبووە. لە کۆلێژی یاسا دەستی بە خوێندنی یاسا کردوە، بەڵام بەھۆی تێکۆشانی لە دژی نەتەوەپەرەستی و رێکخستنی خۆپیشاندانی دژی نەتەوەپەرەستی بۆ ماوەیەک وازی لە خوێندن ھێناوە.
ماندێلا ساڵی ١٩٤٢ لە زانکۆی ویتواتەرستران کۆتایی بە خوێندن ھێناوە و بەو جۆرە بوو بە یەکەم پارێزەر لە باشووری ئەفریقیا.
نێڵسۆن ماندێلا ساڵی ١٩٤٨ بووەتە ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقیا و ساڵی ١٩٥٠ بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەو کۆنگرەیە ھەڵبژێردراوە.
ماندێلا یەکەمجار رۆژی ٥ی ئابی ساڵی ١٩٦٢ بە ھۆی شەڕ لە دژی ئەو نەتەوەپەرەستی و جیاوازییەی کە لە بەرامبەر رەش پێستانی ئەفریقیا دەکرا، دەستگیرکرا و بۆ ماوەی ٢٧ ساڵ لە ناو گرتووخانەدا مایەوە. دوای پەرەسەندنی ئەو تێکۆشانە لە سەرانسەری جیھان، ماندێلا بوو بە سیمبولی شەڕی دژی نەتەوەپەرەستی. ماندێلا لە تەمەنی ٧١ ساڵیدا و ساڵی ١٩٩٠ دوای بڕیاری لێبووردنی گشتی کە لەلایەن سەرۆکی ئەوکاتەی باشووری ئەفریقیا ویلیام دی کلەرکەوە دەرکرابوو، ئازاد کرا.
ماندێلا دوای ئازاد کردنی لە بەندیخانە دەستی بە ھەوڵدان بۆ دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی باشووری ئەفریقیا کرد. ئەو پرۆژە یاسایە کە ١٨ی ئاداری ساڵی ١٩٩٢ لە لایەن دی کلەرکەوە لە بارەی پێدانی مافی ھاووڵاتی یەکسان بە رەش پێستەکان ئامادەکرابوو، خرایە بەر رێفراندۆم و خەڵک دەنگی پێدا و ئەو دەنگدانە بوو بە ھۆی گەیشتنی ماندێلا بە ئامانجەکانی.
دوای قبوڵکردنی ئەو پرۆژەیاسایە لەلایەن خەڵکەوە، ماندێلا بەشداری لە ھەڵبژاردنی سەرکۆماری وڵاتەکەی کرد و سەرکەوتنی بەدەستھێنا و رۆژی ١٠ی گولانی ساڵی ١٩٩٤ سوێندی یاسایی خوارد و بوو بە یەکەم سەرکۆماری رەش پێستی ئەفریقیای باشوور.
ماندێلا لە ماوەی پێنج ساڵی سەرکۆماریدا سەرەڕای ئامادەکردنی دەستووری نوێ بۆ وڵاتەکەی، ھاوکات بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی رابردوو لێژنەی لێکۆڵینەوەی راستییەکانی دامەزراند.
ئەو ماوەیەی کە ماندێلا سەرکۆمار بوو، دەستی بە رێفۆرمی زەوی، نەھێشتنی ھەژاری و گەندەڵی کرد و لە بواری تەندروستی و خزمەتگوزاریشدا خزمەتی زۆری وڵاتەکەی کرد. داواکرا جارێکی دیکە ببێتەوە سەرکۆمار، بەڵام ئەو داواکارییەی رەت کردەوە و جێگری خۆی تھابۆ مبەکی بوو بە سەرکۆمار. دوای کۆتایی ھاتنی ماوەی سەرکۆماری ماندێلا لە چوارچێوەی وەقفی خۆیدا کە بە وەقفی ماندێلا ناسراوە، دەستی بە شەڕ دژی ھەژاری و ئایدز کرد. دوای چەند ساڵێکی دیکە وازی لە کار و چالاکی ھێنا و گەڕایەوە گوندی خۆی.
ساڵی ٢٠١١ ماندێلا بە ھۆی نەخۆشییەوە گواسترایەوە نەخۆشخانە.
لە تەمەنی خۆیدا چەندین خەڵاتی ئاشتی پێ بەخشرا. ھەڵوەشاندنەوەی رژیمی نەتەوەپەرەستی باشووری ئەفریقیا بە تێکۆشانی دیموکراتی و دانانی بونیادی ئەفریقایەکی نوێ ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ دی کلەرک خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییان پێ بەخشرا.
سەرۆکی ئەمریکا باراک ئوباما رایگەیاند ماندێلا زیاتر لەو شتەی کە لە مرۆڤ چاوەڕوان دەکرا کاری کردووە. ئەمڕۆ کۆچی دوایی کرد و ئێمە لەو دونیایەدا کەسێکی ئازا، بوێر و لێھاتوومان لە دەستدا. ماندێلا تەنیا ھی سەردەمی ئێمە نییە، بوو بەماڵی ھەمووی سەردەمەکان.
سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان بان کی موون رایگەیاند ماندێلا نیشانی جیھانیدا کە دەتوانێ چی بۆ دادوەری و مرۆڤایەتی بکا.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەیڤد کامیرۆن بۆ کۆچی دوایی ماندێلا رایگەیاند کە خۆرەتاوێکی زۆر گەورە لەو دونیایە رۆیشت. لە کۆشکی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئاڵای ئەو وڵاتە بۆ رێزگرتن لە ماندێلا دابەزێندرا.
سەرۆک دەوڵەتی چین بە بۆنەی کۆچی دوایی نێڵسۆن ماندێلا بروسکەیەکی سەرەخۆشی ئاراستەی سەرۆک دەوڵەتی باشووری ئەفریقیای کرد.