تاران - AA
بەپێی ھەواڵێکی سایتی رەسمیی سەرکۆماری ئێران، سەرۆکوەزیرانی عێراق نوری مالیکی لەگەڵ سەرکۆماری ئێران حەسەن رۆحانی دوور لە چاوی راگەیاندنەکان کۆبووەتەوە و باسیان لە چەندین تەوەری جیا کردووە، رەوشی سوریا دەسپێکی دیدارەکە بووە.
بەپێی رووونکردنەوەکە سەرکۆمار رۆحانی باسی لە گرنگیی پەیوەندیی ئابووریی نێوان ھەردوو وڵات و کارکردن بۆ بەرژەوەندیی ھاوبەشی عێراق و ئێران کردووە.
رۆحانی ھەروەھا باسی لە کێشە درێژخایەنەکانی ھەردوو وڵات کردووە کە کێشەی سنوور و شارەکانی سەر سنوورن. رۆحانی بەپێویستی زانیوە ھەنگاوی ھاوبەش بۆ بنەبڕکردنی گرفتەکان لەبارەی سنوورەوە بنرێ و ئەو کێشە لەمێژینەیە لە ھزریی گەلانی ئێران و عێراق بسڕێنەوە.
رۆحانی لەبارەی رەوشی سوریا گوتی "پێویستە لە جنێڤ ٢ ھەوڵی ئاساییکردنەوەی باری سوریا بدرێ، بەجۆرێک وڵاتەکە لە تیرۆرستان پاک بکرێتەوە و ھەڵبژاردنێکی بێ مەرج و یاسایی ئەنجام بدرێ، بۆ ئەوەی حکومەتێکی تەواو سەربەخۆ پێک بھێنرێ".
مالیکی لەبارەی ھەنگاوەکانی ئێران لە بەرنامەی ئەتۆمی دەستخۆشیی لە رۆحانی کرد و پشتگیریی لە بڕیارەکانی ئێران کرد و بە زیرەکانەی لە قەڵەم دا".
مالیکی لەبارەی سیاسەتی ناوچەکە و دوا گۆڕانکارییەکان گوتی "بۆ دەرچوون لەو قەیرانانەی روو لە رۆژھەڵاتی ناوەراست دەکەن پێویستە وڵاتان بە شێوەیەکی میانڕەوانە سیاسەت بکەن".
مالیکی ھەڵوێستی رابەری باڵای ئێرانی عەلی خامنەیی بەرز نرخاند و گوتی "ئەو ھەڵوێستەی ئەو لەبارەی رێکەوتنامە ئەتۆمییەکە زۆر بەجێ بوو، نەوەک تەنیا بۆ ئێران بەڵکو خزمەتێک بوو بە ھەموو ناوچەکە. عێراق ئومێدەوارە ئەوە دەرگای ئاشتی و دڵنیایی لە ناوچەکەدا واڵا بکا".
حەسەن رۆحانی لەبارەی تەندروستیی سەرکۆماری عێراق جەلال تاڵەبانی زانیاریی لە مالیکی وەرگرت و سڵاوی بۆ نارد.