Ömer Tuğrul Çam
15 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 16 حوزەیران 2023
برۆکسل - AA
وەزیری بەرگریی ئۆکراینا، ئۆلێکسی رەزینکۆڤ رایگەیاند، بۆ دابینکردنی فڕۆکەی جەنگی ئێف-١٦ بۆ وڵاتەکەی و مەشقپێکردنی فڕۆکەوانەکان هاوپەیمانییەک بە ناوی "هاوپەیمانیی باڵندە" پێکدەهێنرێت.
ئۆلێکسی رەزینکۆڤ کە بۆ کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی ناتۆ و ئۆکراینا و گرووپی پەیوەندیی بەرگریی ئۆکراینا کە لە میانی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی ناتۆدا بەڕێوەچوو، هاتبووە بارەگای ناتۆ لە برۆکسل، لەگەڵ سکرتێری گشتیی ناتۆ، یەنس ستۆلتنبێرگ لێدوانی بۆ رۆژنامەوانان دا.
رەزینکۆڤ گوتی: "ئەمڕۆ لەبارەی هاوپەیمانیی فڕۆکە جەنگییەکان هەواڵێکی زۆر گرنگم پێگەیشت. بەڵێنمان لە هاوبەشەکانمان وەرگرت سەبارەت بە دەستپێکردنی مەشق و راهێنانەکان و دامەزراندنی هاوپەیمانییەکی فڕۆکە جەنگییەکان بە ناوی 'هاوپەیمانیی باڵندە' کە هۆڵەندا و دانیمارک سەرکردایەتیی دەکەن و وڵاتانی دیکە بەشداریی دەکەن".
وەزیری بەرگریی ئۆکراینا تیشكی خستەسەر ئەوەی پێشتر هاوپەیمانیی تانک و سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی و تۆپخانە پێکهێنرا بوون، ئێستاش بە پێکهێنانی هاوپەیمانیی فڕۆکە جەنگییەکان، هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینا دەبنە "قەڵغانی رۆژهەڵات"ی ئەورووپا.
راگەیەندرابوو کە ژمارەیەک لە وڵاتان لەوانە پۆڵەندا، نەرویج، بەلجیکا و پورتوگال ئامادەن لەسەر فڕۆکەی جەنگی ئێف-١٦ راهێنان بە فڕۆکەوانە ئۆکراینییەکان بکەن.