Betül Yürük
01 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 01 ئەیلوول 2021
نەتەوەیەکگرتووەکان- AA
سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس نیگەرانیی قووڵی دەربڕی لە دۆخی ئەفغانستان کە پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ لە قووڵبوونەوەی قەیرانی مرۆیی و ئابووریی و بە تەواوەتی داڕمانی خزمەتگوارییە بنەڕەتییەکان، و ھۆشداریی دا لەوەی "خەریکە کارەساتی مرۆیی رووبدات".
ئەنتۆنیۆ گوتیرێس دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و کۆنترۆڵکردنی وڵاتەکە لە لایەن تاڵیبانەوە، راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و سەرنجی خستەسەر دۆخی مرۆیی لە ئەفغانستان.
گوتێریس باسی لەوە کردووە نزیکەی نیوەی دانیشتوانی ئەفغانستان واتە ١٨ ملیۆن کەس پێویستییان بە ھاوکاریی مرۆییە و رایگەیاند: "یەک کەس لەھەر سێ ئەفغانییەک، نازانێت ژەمی داھاتووی خۆراکی لە کوێوە دێت".
سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد چاوەڕوان دەکرێت زیاتر لە نیوەی مناڵانی ئەفغانستان تا ساڵی داھاتوو بەرەوڕووی بەدخۆراکی دەبنەوە و رایگەیاند: " تا دێت دەست راگەیشتنی خەڵک بە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان کەم دەبێتەوە. خەریکە کارەساتێکی مرۆیی رووبدات".
ئەنتۆنیۆ گوتیرێس جەختی لەوە کردووەتەوە کە گەلی ئەفغانستان لە ھەموو کات زیاتر پێویستییان بە پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و بەھۆی وشکەساڵی و نزیکبوونەوەی سەرمای سەختی زستان، پێویستی زۆرتریان بە خۆراک، شوێنی مانەوە و پێداویستیی پزیشکیی دەبێت.