Sarmand Hameed
01 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 01 ئەیلوول 2021
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی جارێکی دیکە جەختی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە وادەی دیارییکراوی خۆی لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١دا کردەوە و رایگەیاند "پێکەوە لەسەر گفتی خۆمان دەچینە هەڵبژاردنی پێشوەختە".
مستەفا کازمی لە تویتێکدا کە دوای کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، نووسیوویەتی" ئەمڕۆ ئەو گفتەمان بردەسەر کە لەبەردەم گەل دابوومان لە رێگای پەسەندکردنی خزمەتی ئاڵا".
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە گرنگی ئەو کارە کردووە و رایگەیاندووە "ئەم هەنگاوە بەهاکانی نیشتمانپەروەری دەچەسپێنێت".
مستەفا کازمی راشیگەیاندووە، هەروەها پرۆژەی "سندووقی نەوەکان" مان خستەڕوو کە دەمانپارێزێت لە پشتبەستنی تەواوەتی بە نەوت.
سەرۆکوەزیرانی عێراق جارێکی دیکە جەختی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە وادەی دیارییکراوی خۆی لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١دا کردووەتەوە و نووسیوویەتی: "پێکەوە لەسەر گفتی خۆمان دەچینە هەڵبژاردنی پێشوەختە".
جێی ئاماژەیە، لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیران کە بەسەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی بەڕێوەچوو، ژمارەیەک بڕیار دەرکرا.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا، مستەفا کازمی جەختی لە کاراکردنی سندووقی نەوەکانی داهاتوو کردووەتەوە لەپێناو دەستبەرکردنی داهاتوو بۆ عێراق دوور لە پشت بەستن بە سامانە نەوتییەکان و لەمبارەیەوە جەختی لەوە کردەوە کە ژمارەیەک وڵات ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ گەڕان بە دوای وەزی جێگرەوە و خاوێن.