Hemn Baban
01 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 02 تشرینی دووەم 2016
هەولێر - AA
لە ماوەی دوو ههفته له ئۆپهراسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ، سوپا و هێزه ئهمنییهكانی عێراق سهدان كیلۆمهترییان بڕی و ئێستا سهدان مهتر له دڵی داعش "مووسڵ"هوه دوورن. له گرتنهوهی سهدان كیلۆمهتر له خاكی خهلافهتهكهی بهغدادی هێزهكانی عێراق كهمترین رووبهڕووبونهوهیان له چهكدارانی داعش بینی، ئهفسهر له دهزگای دژه تیرۆری عێراق، لیوا روكن مهعن سهعدی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دهڵێت: "داعش سهرجهم كارت و پلانهكانی بهكارهێنا و هێزهكانمان ئهوانهیان بۆ ئاشكرا بووه، بۆیه داعش شكست دههێنێت".
لەگەڵ لەدەستدانی رووبەرێكی زۆری خاكی ژێر دەستی پرسیار ئەوەیە چەكدارانی داعش بەرەو كوێ دەچن؟ هۆكاری دیارنەمانی ئەوان و كەمترین لاشە و تەرمی ئەوان بۆچی دەگەڕێتەوە؟ "بەهەڵم بوونی داعش"بەهۆی چییەوە؟
تەنها دوو هەفتە بەس بوو بۆ ئەوەی سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەكان لە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنەوەی مووسڵدا دووری سەدان كیلۆمەتر لەناو جەرگەی داعش و پایتەختی ئەو خەلافەتە ئیسلامییەی پێدەچێت كۆتا رۆژەكانی لە عێراق بژمێرێت بۆ چەند سەد مەترێكی كەم كورت بكەنەوە، ئێستا هێزە عێراقییەكان پێشڕەوییەكی بێ وێنە و ئازایانە بەرەو دڵی داعش "مووسڵ" دەكەن كە پتر لە دوو ساڵ و سێ مانگ دەبێت بەدەستیانەوەیە، ئەگەرچی لە ماوەی ئەو دوو هەفتەیەدا سوپا و هێزە ئەمنییەكانی عێراق هیچ بەرگرییەكی ئەوتۆیان لە چەكدارانی داعش نەبینیوە لەگەڵ كۆنتڕۆڵكردنەوە سەدان كیلۆمەتری ئەو خەلافەتەی بانگەشەی بۆ دەكەن، پرسیاری گەورەیە ئەوەیە چەكدارانی ئەو دەوڵەت و خەلافەتەی پتر لە 60 وڵات بەرامبەری وەستاونەتەوە بەرەو كوێ چوون؟ بۆچی بەرگرییەكی ئەوتۆ ناكەن؟
راپۆرتە هەواڵگری و سەربازییە بیانییەكان لە ئێستادا باس لە رووداوێك دەكەن ئەوانیش بە سەرسوڕمانەوە لێی دەڕوانن كە لەگەڵ گرتنەوەی شار و گوندەكانی ژێر دەستی داعش لەلایەن سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەكانییەوە وەكو دیاردەی لێ هاتووە، دیاردەكەش بریتییە لە "بەهەڵم بوونی داعش"، بوونی كەمترین تەرمی چەكدارانی داعش وایكردووە بیانییەكان و دەزگا هەواڵگرییەكانیشیان بكەونە گومان لەوەی ئەو دەیان هەزار چەكدارەی مووچەیان لە خەلافەتەكەی بەغدادی وەردەگرت و ئەو هەموو لایەنگرەی ئامادەی خۆ تەقاندنەوە بوون لە پێناوی شەریعەتەكەی بەغدادی بەرەو كوێ چوون. لە شارۆچكەكان جگە لە تەرمی چەند چەكدارێكی داعش لە زۆر گونددا چەكدارەكانیش پێش چەند كاتژمێرێك لە هێرشەكان هەڵدێن و دیار نامێنن.
رووخانی بە پەلەی و خێرای خانە و شانەكانی چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە "داعش" لەبەردەم هێزەكانی عێراق جێی تێبینی و تێڕامانی زۆرە. ئەو دەوڵەتەی دنیای هێنابوویە هەژان و تا پێش چەند مانگێك سنووری چالاكییەكانی ئەورووپا و ئەمریكاشی گرتەوە و ئەوانیشی لە زەواڵ نابوو ئێستا بەرگریی لە خاكی ژێر دەستیشی پێ ناكرێت و نزیك بە هەزار چەكداریشی لە دوو هەفتەدا لە كیس چووە، سەرباری شكستە گەورەكانی لە شەڕی یەكلاییكردنەوەی مووسڵ.
ئەگەرچی چەند رۆژێك لەمەوبەر داعش لە راگەیەنراوێكدا باسی لەوە كرد كە لە 10ی حوزەیرانی ساڵی 2014 تەنها بە 350 چەكدارەوە توانی شاری مووسڵ لە چنگی سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەكانی كە بە نزیكەی 60 هەزار كەس دەخەمڵێندران دەربهێنێت، كەچی ئێستا دەیان كیلۆمەتر بە بێ تەقە دەداتەوە بەو سوپایە.
ئەفسەری پلە بەرز لە دەزگای دژە تیرۆری عێراق, لیوا روكن مەعن سەعدی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لە گوندی تەهراوە كە چەند كیلۆمەترێكی زۆر كەم لە شاری مووسڵەوە دوورە دەڵێت داعش كۆتایی هاتووە، ئەو سەبارەت بە شكستە بەردەوام و گەورەكانی داعش بەرامبەر بە هێزەكانی عێراق بەتایبەت هێزەكانی دژە تیرۆر كە ئەركی سەرەكی و قورسییان بۆ پێشڕەوی كردن بۆ نێو مووسڵ لەسەر شانە دەڵێت "ئیدی داعش بەرەو شكستی گەورەتر دەڕوات، چونكە تا دێت خاكی زیاتر لەدەست دەدات، هۆكاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە چەكدارانی داعش سەرجەم كارت و پلانەكانی خۆیان جێبەجێ كرد و ئیدی بۆ هێزەكانمان سەرجەم ئەو كارت و پلانانە ئاشكران و ئێمە لە بری بەرگری هێرشیان دەكەینە سەر، هێرشی خێرا و لەناكاو و كاتی هێرشەكانیش كاریگەریی زۆریان بینیوە لە شكست پێهێنانی داعش، بەڵام بە گشتی زانینی ئێمە بۆ پلانەكانی داعش و ئاشكراكردنییان پێش وەخت وایكردووە چیدی داعش سەركەوتوونەبێت بەرامبەر بە هێزەكانی ئێمە".
ئەو ئەفسەرەی دژە تیرۆر لەبارەی ئەگەری بەكارهێنانی چەكی كیمیایشەوە لە لایەن داعش دەڵێت "بۆ ئەو مەبەستەش رێ وشوێنی پێویستمان گرتووەتە بەر و ئەگەر داعش ئەوەش تاقی بكاتەوە شكست دەهێنێت".
مەعن سەعدی كەباس لەوە دەكات هێزەكانییان كەمتر لە یەك كیلۆمەتر لە شاری مووسڵەوە دوورن، دەڵێت: "ئێمە هێرش دەكەینە سەر داعش و بەرەو مووسڵ دەچین، زۆرمان نەماوە بگەینە دڵی داعش، ئیدی داعش كۆتایی هاتووە، داواكاریین دانیشتووانی مووسڵ هاوكاری زیاتری دەزگا ئەمنییەكان بن بۆ ئەوەی بە ئاسانی ئۆپەراسیۆنەكان كۆتاییان پێ بێت، ئەگەر چی تا ئێستا خەڵكی ناو مووسڵ زۆر هاوكارمان بوون و بەردەوامن، بەڵام دەبێت بۆ ئاسانكردنی پرۆسەكانی ئێمە لە ماڵەكانی خۆیان بمێننەوە و نەینە دەرەوە".
لەدوای دوو هەفتە لە دەستپێكی ئۆپەراسیۆنەكانی رزگاركردنی مووسڵ چەكدارانی داعش كەوتوونەتە دۆخێكی نا لەبارە تەنانەت لەناو مووسڵیشدا، بەپێی زانیارییە دزەپێكراوەكانی ناو مووسڵ، سەرباری تێكشكاندن و رووخاندنی زۆرێك لە بارەگا سەرەكییەكانی چەكدارانی داعش لەماوەی یەک مانگدا، ئێستا كەمترین ژمارەی چەكداری داعش لەو شارە دەبینرێت و پێدەچێت بەشێك لە سەركردەكانییان رێگەی چوونە دەرەوەیان بۆ پایتەختی داعش لە سووریا "رققە" كردبێتەوە و وەكو بەرزەكی بانان بۆی دەرچووبێتن لە ترسی پێكان و كردنە ئامانجییان لەلایەن فڕۆكەكانی هاوپەیمانانەوە، هەروەها ئەو زانیارییانە باس لە بوونی چەندین حاڵەتی كردنە ئامانجی چەكدارانی داعش لەم ماوانەی دوایی سەری هەڵداوە بەتایبەت لە چەند رۆژی كەمی رابردوو و چەكدارانی داعش وەكو چەند مانگێك لەمەوبەر ئازادیی سووڕانەوەیان لە شارەكە نەماوە و كەتیبەكانی دژی دەیانكات بە ئامانج.
شرۆڤەكاری ئاسایش و سەربازیی عێراقی، هیشام هاشمی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت داعش هێزی جارانی نەماوە، ئەوەشی ئێستا پتر پشتی پێ دەبەستێت كردەی جۆرییە كە زۆرترین زیان بگەیەنێت و پێناچێت لەمەیاندا سەركەوتوو بێت، چونكە هێزە ئەمنییەكان لە جاران زیاتر هۆشیارترن، ئەو سەبارەت بە شكستەكانی داعش روونی دەكاتەوە "چەكدارانی داعش هەموو پلانەكانییان پێش وەختە بۆ سوپا و هێزە ئەمنییەكان ئاشكرا كردبوو، ئیدی ئێستا سوپای عێراق و هێزەكانی ئاسانتر دەتوانن ئەو بارودۆخانە كۆنترۆڵ بكەن و زووتر چارەسەری ئەو كارتانە بكەن كە داعش بەكارییان دەهێنێت".
ئێستا هێزەكانی عێراق لە دڵی داعشەوە زۆر نزیكن، ئەگەرچی لەماوەی دوو هەفتەی ئۆپەراسیۆن چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە"داعش" زۆر لە خاكی خەلافەتەكەیان رادەستی هێزە ئەمنییەكان كردەوە بەبێ هیچ رووبەڕووبونەوەیەكی ئەوتۆ، بەڵام پێدەچێت داعش بۆ شەڕی ناو شاری مووسڵ كارتی بەدەستەوە مابێت، بەتایبەت بەكارهێنانی خەڵك وەكو قەڵغانی مرۆیی، لەگەڵ شەڕی كۆڵان بە كۆڵان، بەڵام سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەكانی پتر بیریان لەلای راستی مووسڵە، چونكە لای چەپی مووسڵ ئاسانتر كۆنترۆڵ دەكرێت و كاتژمێرەكانی داهاتوو وەڵامی زۆر پرسیاریان پێیە.