Hemin Hüseyin
29 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 30 تشرینی یەکەم 2017
هەولێر - AA
بە ھۆی کاریگەری نزمە پەستانی لاوازی دەریای سوور و زیادبوونی خێرایی با کە بووەتە ھۆی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ لە ھەندێ شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان لە ئێستا دا مەودای بینین کەمە و پێشبینی دەکرێت درەنگانێکی شەو بارانێکی کەم لە ناوچە شاخاویەکانی ھەولێر و دھۆک ببارێت.
بەڕێوەبەری گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و پێشبینیش دەکرێت تا ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام بێت.
بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، فازڵ ئیبراهیم لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە رۆژی رابردوو بە هۆی جیاوازی پەستانی هەوا لە نێوان ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بووە هۆی ئەوەی خێرایی با لە ناوچەکانی ئێمە زیاد بکات کە لە هەندێک کات گەیشتە سەرووی ٥٠ کیلۆمەتر لە یەک کاتژمێردا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و تا ئێستاش بەردەوامیی هەیە".
فازڵ ئیبراهیم گوتیشی: "بە گوێرەی ئەو نەخشانەی لەبەردەستن پێشبینی دەکرێت ئێوارەی ئەمڕۆ شەپۆلەکە کۆتایی بێت و سەرەتاش لە بەشەکانی رۆژئاوای هەرێمی کوردستان واتا سنووری پارێزگای دهۆک بەرەو لاوازبوون دەچێت، دوای ئەوەش لە سنووری پارێزگای هەولێر کۆتایی دێت. لە ئێستاشدا ئاراستەکەی لە باکووری رۆژئاوا بۆ باشووری رۆژهەڵاتە واتا بەرەو سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان دەچێت".
بەڕێوەبەری گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان راشیدەگەیەنێت کە ئەم شەپۆلە خۆڵبارینە بە چڕی پارێزگای هەولێری گرتووەتەوە و مەودای بینینش کەم بووەتەوە و لەمبارەیەوە گوتی: "ئەم شەپۆلە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بەڵام سنووری پارێزگای هەولێری بەچڕی گرتووەتەوە کە مەدوای بینین کەمترە لە ٣٠٠ مەتر".
بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی تەندروستی هەولێر، لە شەوی رابردووەوە ٤٨٥ کەس سەردانی نەخۆشخانەکانی هەولێر و دەورووبەریان کردووە و لەم ژمارەیەش ١٥٣ کەس لە نەخۆشخانەکان ماونەتەوە و چارەسەری پێویست وەردەگرن و لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژهەڵاتیش لە کۆی ٤٥ کەس ٣٥ کەسیان ماونەتەوە.