Azat muhemmet
29 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 03 تشرینی دووەم 2017
هەولێر – AA
ئاوارەبوون، ئەو دەستەواژەیەى لەگەڵ کوردا مێژوویەکى دوور و درێژى هەیە. هەرێمى کوردستان بە رۆژگارێکدا دەگوزەرێت هێشتا ئاوارەکانى شەڕى داعش نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان. هەزاران کەسى دیکە بە هۆى هێرشى حەشدى شەعبى و سوپاى عێراق زێدى خۆیان جێهێشت و ئاوارەبوون.
ئاوارەکانى کەرکووک بە هۆى نەبوونى سەرپەرشتى و نەبوونى جێگەى مانەوەیان، هەرچەند خێزانێک لە چەند شوێنێک گیرساونەتەوە و لە چاوەڕوانى حکوومەت یان رێکخراوە خێرخوازییەکان دەستى هاوکارییان بۆ درێژ بکات وەک خۆیان دەڵێن لە شەواندا سەرمایان دەبێت و لە رۆژیشدا برسى.
دایکى فەرەیدون ژنە ئاوارەیەکى کەرکووکە لە یەکەکانى نیشتەجێبوونى دەشتى بەهەشت لەژێر کەڵاوەیەک ژیان بەسەر دەبات، دواى داپۆشینى رووخسارى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو باسى لە نەهامەتییەکانى ژیانى ئاوارەیی کرد و گوتى: "داوا لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان و حکوومەتى عێراق دەکەین ئاگادارى رەوشى ئاوارەکانى کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان بن لە هەولێر و سنوورەکانى دیکە، نامانەوێت بکەوینە دەست حەشدى شەعبى و کەرامەتى ئافرەتى کورد نەپارێزرێت".
ئەو ژنە ئاوارەیە داواى رێککەوتن لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان و حکوومەتى عێراق دەکات و دەڵێت "نامانەوێت شەڕو پێکدادان بەردەوام بێت، بەڵکو بە پێویستى دەزانین لە رێگەى رێککەوتنەوە کێشەکان چارەسەر بکەن، بە راستى دەمانەوێت بگەڕێینەوە سەر ماڵوحاڵى خۆمان لە کەرکووک. بەڵام بە مەرجێک چەکدارانى حەشدى شەعبى لەو شارە دەربچن. چونکە نامانەوێت بگەڕێینەوە بن دەستى حەشدى شەعبى".
لە دەشتى بەهەشت لە شارى هەولێر نزیکەى سەد خێزان بە ناڕێکخراوى لە خانووە تەواو نەکراوەکان نیشتەجێبوون. هەر ئۆتۆمبێلێک یان رێکخراوێک یان تیمێکى رۆژنامەوانى بۆ لایان بچێت، گەنج، ژن و منداڵان پێکەوە پێش هەموو شتێک دەپرسن چ خواردنێکتان بۆ هێناوین. ئاوارەکان خواردن و خواردنەوەی پێویستییان دەست ناکەوێت و کۆڵێک گلەیی و رەخنەیان لە خۆیان بارکردووە.
ئاوارەکانى کەرکووک وێڕاى نیگەرانییان لە کەمى خزمەتگوزارى، ترسیان لەوە هەیە سەرماى زستان لە دەرگایان بدات و هیچ کەلوپەل و سووتەمنییەکیشیان دەست نەکەوێت خۆیان پێ گەرم بکەنەوە.
لە ئاوارەییدا منداڵان قوربانى سەرەکین، چونکە هەم بەرگەى نەهامەتییەکان ناگرن، هەمیش لە پڕۆسەى خوێندن دادەبڕێن. لە ئێستا سەدان منداڵى پارێزگاى کەرکووک بە هۆى هێرشى حەشدى شەعبى و سوپاى عێراق ئاوارە بوون و چارەنووسیان بە نادیارى ماوەتەوە.
ئاوارەیەکى دیکە بەناوى کاروان رەشید بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "خواردن و خواردنەوە و کارەبا پێداویستییەکانى سەرەکى ئیمەن، جگە لەوەش شوێنى مانەوەمان نییە، داوا لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان دەکەین شوێنى گونجاومان بۆ تەرخان بکات، چونکە بە هۆى نەبوونى جێگاى گونجاو و نەبوونى کەلوپەل، منداڵان لە شەواندا سەرما تەنگیان پێهەڵدەچنێت".
ئەو ئاوارەیەى کەرکووک لەبارەى نەگەڕانەوەیان بۆ شارەکەیان دەڵێت "بگەڕێمەوە بۆ کوێ؟ ئەگەر بگەڕێمەوە حەشدى شەعبى دەمانکوژێت. هەتا کەرکووک لەژێر دەسەڵاتى ئەو چەکدارە داگیرکەرانە بێت ناگەڕێینەوە، چونکە زانیاریمان هەیە بە هۆى کوردبوونیان رۆژانە سووکایەتى بە هاووڵاتییانی کورد دەکرێت لە پارێزگاکە. بۆیە دەبێت شارەکە رزگار بکرێت ئینجا بگەڕێینەوە".
بە پێى دوایین ئامارى نەتەوەیەکگرتووەکان بە هۆى شەڕو پێکدادانەکانى سوپاى عێراق و هێزەکانى پێشمەرگە لە پارێزگاى کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان تا ئێستا ١٧٥ هەزار کەس ئاوارە بوون.