Hemin Hüseyin
03 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 04 کانوونی یەکەم 2016
لە بازاڕی دەڵاڵخانەی کۆنی شاری هەولێر، دوکانێک دەبینرێت کە پڕە لە چەک و تفەنگی کۆن و وەستای ئەو دوکانەش ئاماژە بەوە دەکات کە پیشەی چەک چاککردنەوەی لە باوکی بۆ ماوەتەوە و ماوەی چل ساڵیش دەبێت خەریکی ئەو پیشەیەن.
لەناو دوکانەکە چەند جۆرە چەکێک دەبینرێت کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ١٣٠ ساڵ پێش ئێستا و بەشێکی دیکەش لە جەنگەکانی یەکەم و دووەمی جیهانی بەکارهاتووە بەڵام ئەو جۆرە چەکانە چاک نابێتەوە و تەنیا بە دیواری دوکانەکەوە هەڵواسراوە.
جگە لەوەش جۆرەها تاپڕ دەبینرێت کە بە مەبەستی راوکردن بەکاردێت و راوچییەکانیش لەناو ئەو دوکانەدا بیرۆکەکانییان دەگۆڕنەوە و باسی چۆنیەتی راوکردن دەکەن.
بەختیار سەدرەدین کە ئێستا پیشەی چاککردنەوەی چەک دەکات ئاماژە بەوە دەکات کە باوکی بەهۆی نەخۆشی و چوونە ناو تەمەنەوە ناتوانێت کار بکات و ئەو وەستایە لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "باوکم لەسەرەتای ساڵی هەشتاکان دەستی بەو کارە کردووە و وەستایەکی بەناو بانگی ئەو شارە بووە بەڵام ئێستا بە هۆی چوونە ناو تەمەنەوە ناتوانێت کار بکات و ماوەیەکی زۆرە من لە هەمان دوکان، هەمان کار دەکەم و رۆژانە خەریکی چاککردنەوەی چەک و تفەنگ و تاپڕم".
سەبارەت بە چۆنیەتی چاککردنەوەی چەک و تفەنگەکانیش، بەختیار سەدرەدین گوتی: "ئێمە مۆڵەتی وەزارەتی ناوخۆمان هەیە و دەتوانین چەک و تفەنگ چاک بکەینەوە و ئەوانەی بۆ چاککردنەوەی چەکەکانیان دێنە لای ئێمە زیاتر پێشمەرگە و پۆلیسن".
ئەو وەستایە ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەگەر کەسێکی مەدەنی چەکێک یان تفەنگێک بهێنێت بۆ چاککردنەوە ئەوا پێویستە مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکی هەبێت و لەمبارەیەوە گوتی: "ئەگەر کەسێکی مەدەنی چەکێک بهێنێت بۆی چاکبکەینەوە ئەوا داوای هەڵگرتنی مۆڵەتی چەکی لێ دەکەین و ئەگەر مۆڵەتی نەبێت ئەوا دەستکاری چەکەکەی بۆ ناکەین".
بەختیار سەدرەدین گوتیشی: "زۆربەی ئەو چەکانەی کە بۆ چاککردنەوە دەهێنرێتە لای ئێمە دروستکراوی وڵاتی رووسیایە، هەندێک جار چەکی ئەڵمانی و وڵاتانی دیکەش دەهێنرێتە لامان کە لەلایەن ئەو وڵاتانەی مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن، پێیان دراوە".
هەندێک تفەنگی کۆن لەناو دوکانەکەی وەستا بەختیار هەڵواسراوە و هەریەک لەو تفەنگانە مێژوویەکی دوور و درێژیان هەیە و نرخێکی جیاوازیاشیان هەیە، وەستا بەختیار لە شوێنی خۆی هەستا و هەندێک لەو تفەنگانەی بۆ پێناسە کردین کە هەڵیواسی بوو، لەوانە بڕنۆ کە وەک خۆی ئاماژەی بۆ کرد لە مێژووی کوردا شەری پێکراوە، لەوانە لە شەستەکانی سەدەی رابردوو پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلوول بەو جۆرە تفەنگە شەڕیان کردووە، جۆرە تفەنگێکی دیکەی بۆ پێناسە کردن کە بە ئینگلیزی ناوی برد و گوتی ئەو لە سەردەمی پێسوو تەیارە شکێنیان پێ دەگوت کە ٥ فیشەک دەگرێت.
سەبارەت بە جۆر و نرخەکانیش وەستا بەختیار سەدرەدین گوتی: "هەندێک تفەنگمان هەیە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ١٣٠ ساڵ پێشی ئێستا و و پێی دەڵێن رەشکە، ئەو کات لەجیاتی گوللـە، کەلامسیان تێدەکرد و لەدواوەش پارچەیەک ئاسنی هەیە کە لەکاتی جوڵاندا وایدەکرد ئەو کەلامسانە بە شێوەی گوللـەی ئێستا لە لوولەی تفەنگەکە بچنە دەرەوە و ئەو جۆرەش نرخەکانییان دەگاتە هەزار دۆلار و خەڵکی بۆ جوانی لە ماڵەوە هەڵیدەواسین".
بەختیار سەدرەدین گوتیشی: "جۆرێکی دیکەی بڕنۆ هەیە کە کاتی خۆی فڕۆکەی فافۆنیان پێ دەپێکا و ئەوەش بە هەمان شێوە خەڵک دەیکڕێت و خواستی زۆری لەسەرە".
جێی ئاماژەیە لە کۆنەوە لە شاری هەولێر چەند کەسێک هەبوون کە کاری چاککردنەوەی چەک و تفەنگیان دەکرد و بەڵام بەپێی تێپەڕینی کات، یان پیشەکەیان گۆڕی و یان بەیەکجاری وازیان لە پیشەکەیان هێنا، دوکانەکەی وەستا بەختیار سەدرەدین ماوەی ٤٠ ساڵە کاری چاککردنەوەی چەک و تفەنگی تێدا دەکرێت.