Mazın Asad
02 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 04 کانوونی یەکەم 2016
رۆما
وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، پاوڵو گینتیلۆنی گوتی: "چارەسەری سەربازیی بۆ رەوشی سووریا، چارەسەرێک نییە. لەسەر روخانی شارێکەوە قۆناغی دانوستان بونیات نانرێت".
دوای کۆبوونەوەی نێوان وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا پاوڵو گێنتیلۆنی و وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرجی لاڤرۆڤ لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، ھەردوو وەزیر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشیان ساز کرد.
گێنتیلۆنی رایگەیاند ستستبوونی پەیوەندی بازرگانی نێوان ئیتاڵیا و رووسیا، دوای قەیرانی ئۆکرانیا سەريھەڵدا کە بەھۆیەوە یەکێتی ئەورووپا سزای ئابووری خستە سەر رووسیا.
وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا لەبارەی پرسی سووریاوە گوتی: "تێڕوانینی ئێمە ئەوەیە کە دەرفەتی چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا بە رێگەچارەی سەربازیی نەیەتە ئاراوە".
گێنتیلۆنی ئاماژەی بەوەش دا کە ھاوکارییە مرۆییەکان بۆ سووریا کارێکی پێویستە و زیاتر گوتیشی: "رووداوەکانی حەلەب کە لە بەرچاوی ھەموو کەسێک دەبینرێت، لەوبارەیەوە پێویستە پشتگیری لە ھەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەین".
وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا لەبارەی وێرانکارییەکانی حەلەب گوتی: "چارەسەری سەربازیی بۆ رەوشی سووریا، چارەسەرێک نییە. لەسەر روخانی شارێکەوە قۆناغی دانوستان بونیات نانرێت. پێموایە لەم قۆناغەدا تورکیا کاری ھاوبەش لە دانوستانەکانی سووریا ئەنجام دەدات".
لە لایەکی دیکەوە وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرجی لاڤرۆڤ گوتی: "داواکارییەکان سەبارەت بە لادانی ئەسەد لەسەر دەسەڵات، بۆ ئێمە مایەی قبووڵکردن نییە. ئێمە لەگەڵ ھیچ لایەنێک رێکەوتنێکی لەو شێوەیەمان نەکردووە. بڕیارەکەی ژمارە ٢٢٥٤ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژە بە دەستپێکردنی دانوستانەکان بۆ چارەسەری سیاسی دەکات، بەڵام نیو ساڵە ئەم دانوستانانە دەستی پێ نەکردووە. لە بڕیارەکەدا نووسراوە کە نابێت ھیچ مەرجێکی پێشوەختە ھەبێت. واتا مەرجێکی پێشوەختە وەک نەمانی ئەسەد لەسەر دەسەڵات مایەی قبووڵکردن نییە".
لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوە دا کە سوپای حەلەب بە ناوێکی نوێی نوسرە دەبینن و گوتیشی: "بە گۆڕینی ناوی نوسرە، ھەوڵ دەدرێت لە ئامانجی ھێرشە ئاسمانییەکان دەربچێت".
وەزیری دەرەوەی رووسیا لە درێژەدا پشتگیری خۆی بۆ پێشنیارەکەی نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا ستیڤان دیمستورا خستەڕوو کە داوای کشانەوەی چەکدارانی نوسرە لە رۆژھەڵاتی حەلەب کردبوو.