Hemin Hüseyin
07 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 08 شوبات 2018
هەولێر - AA
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند "تا ئێستا رۆژەکە دیاریی نەکراوە و بۆ ئەم مەبەستەش پێویست بە راوێژکردن هەیە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ دیاریکردنی رۆژی ئەنجامدانی پڕۆسەکە".
دوای تەوابوونی کۆبوونەوەی نێوان ھەر سێ لایەن (پەرلەمان، حکوومەت و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی) لەبارەی دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنەکان، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم نێچیرڤان بارزانی لە لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: "وەکو حکوومەت لەگەڵ پەرلەمان و کۆمسیۆن کۆبوونەوەمان هەبوو لەسەر وادەی هەڵبژاردن و تا ئێستا رۆژەکە دیاریی نەکراوە و بۆ ئەم مەبەستەش پێویست بە راوێژکردن هەیە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ دیاریکردنی رۆژی ئەنجامدانی پڕۆسەکە".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "کۆمسیۆنی باڵا راپۆرتی خۆی پێشكەش کرد و پەرلەمان باسی بابەتی یاسایی کرد و حکوومەتیش باسی ئەو ئامادەکارییانەی کرد کە پێویستە، ئەوەی من تێیگەیشتم هیچ گرفتێک نییە تەنها هەندێک بابەتی تەکنیکی هەیە و ئەویش چارەسەر دەکرێت".
هاوکات لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنووساندا لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی کە گوایا حکوومەتی بەغدا رەوانەی هەرێمی کوردستانی کردووە بە مەبەستی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "هیچ پارەیەک لە بەغدا نەهاتووە، بەڵکو بانکی ناوەندی عێراقی هەیە و لقێکیان لە هەولێرە، پارەیان خسووتە بانکەکەی خۆیان و هیچ پارەیەک بە ناوی مووچەی فەرمانبەران نەخراوەتە ناو بانکەکە".