Başar Bayatlı
17 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 18 کانوونی یەکەم 2021
واشنتۆن - AA
لە راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا لەبارەی قوربانیانی تیرۆر ئەوە ئاشکرا کراوە کە ژمارەی قوربانیانی کردەوە تیرۆریستییەکان لە ساڵی ٢٠٢٠دا بەراورد بە ساڵی پێشووتر، ١٠ هێندە زیادی کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی تیرۆر لە وڵاتانی جیهان بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بڵاوکردەوە تاوەکو پێشکەشی کۆنگرێسی بکات.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە رووداوە تیرۆریستییەکانی جیهان لەساڵی ٢٠٢٠دا کراوە و ئەوە خراوەتەڕوو کە بڵاوبوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بەتایبەتی لە کیشوەری ئەفریقا کردەوەی تیرۆریستی و گیان لەدەستدانی بەو هۆیەوە زیاتر کردووە.
ئەوەش خراوەتڕوو کە "تێکڕای گیان لەدەستدان بەهۆی کردە تیرۆریستییەکان لەسەر ئاستی جیهان لە ساڵی ٢٠٢٠دا بەراورد بە ساڵی پێشووتر (٢٠١٩)، ١٠ هێندە بەرزبووەتەوە".
راپۆرتەکە بۆ یەکەم جار ئاماژەی بە گرووپە توندڕەو و رەگەزپەرستەکان و گرووپە دەمارگیرە سپی پێستەکان لە ئەمریکا کردووە.
لە بەشی تایبەت بە تورکیا لە راپۆرتەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە ساڵی ٢٠٢١دا، ٢٥٦ تیرۆریستی پەکەکەی لە چالاکی خستووە، هاوکات ئەو گرووپە تیرۆریستییە ٣٥ هاووڵاتیی و ٤١ ئەندامی لە هێزە ئەمنییەکانی لە تورکیا و عێراق و سووریا کوشتووە.
هەر لە راپۆرتەکە ئاماژە بەوەش کراوە، کە تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٠دا، دوو هەزار و ٣٤٣ ئەندامی رێکخراوی تیرۆریستی داعشی دەستگیرکردووە کە ٣٣٣ کەسیان لە لایەن دادگاوە سزا دراون.