Mücahit Oktay
18 تشرینی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 18 تشرینی یەکەم 2024
واشنتۆن - AA
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردەوە کە کوژرانی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس، یەحیا سینوار "دەرفەتە" بۆ ئاگربەست لە غەززە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ماتیو میلەر لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانییدا باسی لە پێشهاتەکانی ناوچەکە کرد لە پاش کوژرانی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس، سینوار لەلایەن ئیسرائیلەوە.
میلەر باسی لەوە کرد کە هێشتا حەماس هەڕەشەیەکە بۆ سەر ئیسرائیل و، ئیسرائیلیش مافی خۆیەتی ڕووبەڕووی ببێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کوژرانی سینوار وەک دەرفەتێک دەبینن بۆ کۆتاییهاتنی شەڕ و پێکدادانەکان و دەستەبەرکردنی ئاگربەست.
هەروەها میلەر ئاماژەی بەوە کرد پێشنیاری ئاگربەست کە ئەمریکا پشتیوانی دەکات لە مانگی ئایارەوە تا ئێستا لەسەر مێزی گفتوگۆیە و، بە کوژرانی سینوار توانای ئەم پێشنیارە زیادی کردووە و، گوتی: "پێداگرین لەسەر ئەوەی ئەم دەرفەتە هەڵبسەنگێنین".
میلەر ئەوەیشی خستەڕوو کە پێویستە ئیسرائیلییەکان بڕیاری قورس بدەن لە پێناو گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا میلەر، باسی لەوەیش کرد کە هێشتا ئیسرائیل ئامانجێکی ستراتیجی زۆر ڕەوای هەیە و، گوتی: "ئەوەیش گەڕاندنەوەی هەموو بارمەتەکانە و ئێمەیش گرنگییەکی زۆر ڕاستەقینە بەم ئامانجە دەدەین، چونکە لەو ١٠١ بارمتەیە حەوتیان ئەمریکین و دەمانەوێت بگەڕێنەوە".
دوای ئەوەی وەبیر میلەر هێندرایەوە کە حەماس ئەو پرۆژەی ئاگربەستی پەسەند کردووە کە لەلایەن نێوەندگیرەکانەوە پێشکەشی کراوە، ئاماژەی بەوە کرد سەرکردایەتی حەماس بەشێکی داواکارییەکەی پەسەند نەکردووە و، داواکاری دیکەی خستووەتەڕوو.