Rewa Mahmood Hasan
27 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 28 ئادار 2019
مۆسکۆ - AA
دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لە قسەکانیدا رووسیای کردبوو ئامانج و رایگەیاندبوو کە 'دەبێت لەڤێنیزوێلا دەرچن'، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ماریا زاخارۆڤا رەخنەی توندی لە گوتەکانی گرت و رایگەیاند کە پێویستە سەرەتا ئەمریکا لە سووریا دەربچێت.
زاخارۆڤا لەلێدوانیدا بۆ کەناڵی Pervıy وەڵامی گوتەکانی ترەمپی دایەوە سەبارەت بە ڤێنیزوێلا.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دووپاتی کردەوە کە دەبێت ئەمریکا ئەو بەڵێنانەی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوە جێبەجێیان بکات و گوتی، "پێش ئەوەی ئامۆژگاری لایەنێک بکات تاکو لەشوێنێک دەڕچێت، ئەمریکا دەبێت خۆی لە سووریا دەرچێت".
زاخارۆڤا دووپاتی کردەوە کە ئەمریکا نابێت لەسەر مافەکانی وڵاتانی تر بریار بدات.
وەڵامەکەی گوتەبێژی وەزارەتی رووسیا بۆ سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بووە کە ئەمڕۆ لەمیانی پێشوازی کردنی لە هاوسەری خوان گوایدۆ فابیانا رۆسالس دە گوادیۆ لەکۆشکی سپی رایگەیاندبوو، دەبێت رووسیا لە ڤێنیزوێلا دەرچێت.