Zana Natık Kerem
13 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 13 شوبات 2017
نەینەوا ــ AA
ئەفسەر لە پۆلیسی تەلەعفەر، نەقیب سەعد هادی رایگەیاند كە بەهۆی هێرشێكی داعش بۆسەر شوێنەكانی حەشدی شەعبی لە رۆژئاوای مووسڵ، ١٣ تیرۆریست كوژران كە لەنێویاندا دوو خۆكوژ هەیە.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، سەعد هادی زیاتر گوتی: "بەئامانجی شكاندنی گەمارۆ و كردنەوەی ئەو رێگەیە كە دەچێتە سەر سنووری سووریا، درەنگانی شەوی رابردوو داعش هێرشێكی توندی كردە سەر شوێنەكانی كەتائیبی حزبوڵڵا عێراق و حەشدی تەلەعفەر و پۆلیسی فریاكەوتنی تەلەعفەر لە گوندی شەرائیع و گوندەكانی رۆژئاوای تەلەعفەر".
سەعد هادی گوتیشی: "لە میانی هێرشەكەدا، ١٣ تیرۆریست و چوار چەكداری حەشدی شەعبی، كوژران".
ئەفسەرەكە ئاماژەی بەوەشدا كە داعش لەو هێرشەدا، ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو كە كەسانی خۆكوژ لێیاندەخوڕی و هاوەن و دوو تانكی رووسی و دوو تۆپ و ١٢ ئۆتۆمبێلی جۆری پیك ئاپ كە ژمارەیەك تیرۆریستی هەڵگرتبوو بەكارهێناوە.
لای خۆیەوە ئەفسەر لە سوپای عێراق، نەقیب جەبار حەسەن بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو پشتراستی كردەوە كە درەنگانی شەوای رابردوو داعش بەئامانجی شكاندنی گەمارۆی سەر تیرۆریستەكانی لە قەزای تەلەعفەر هێرشێكی توندی كردووەتە سەر شوێنەكانی حەشدی شەعبی لە رۆژئاوای مووسڵ.
جەبار حەسەن گوتیشی: "درەنگانی شەوی رابردوو، پتر لە ٢٠٠ تیرۆریستی داعش بەچەكی جۆراوجۆر هێرشیان كردە سەر شوێنەكانی حەشدی شەعبی لە گوندەكانی، عەین حیسان، شەریعەی باشوور و باكوور لە رۆژئاوای مووسڵ كە ئەوە توندترین هێرشە كە داعش لە سەرەتای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ ئەنجامی بدات".
جەبار حەسەن هەروەها گوتی: "تیرۆریستییەكانی داعش لە چەند میحوەرییەكەوە لە قەزای تەلەعفەر بۆ كردنەوەی ئەو رێگەیە كە بەئاراستەی ناحیەی بەعاج تا دەكاتە سنووری عێراق و سووریە لەژێر كۆنتڕۆڵی حەشدی شەعبی دایە، هێرشەكەیان ئەنجام دا".
ئەفسەرەكە ئەوەشی ئاشكرا كرد كە پێنج لایەنی چەكداری حەشدی شەعبی بۆ رووبەڕووبوونەوە و تێكشكاندنی هێرشەكەی داعش بەشدار بوون.
ناوبراو باسی لەوەشكرد كە لە میانی هێرشەكەدا، فڕۆكەكانی جەنگی عێراق توانیویانە ١٣ ئۆتۆمبێلی داعش تێكبشكێنن و بەدیان تیرۆریست كوژران و لە بەرامبەردا، چوار ئۆتۆمبێلی حەشدی شەعبی تێكشكێنران و سێ چەكداری حەشدی شەعبی كوژران و بەدەیانی دیكەش بریندار بوون.
جەبار حەسەن روونیشیكردەوە كە هەر لە میانی هێرشەكەدا شەڕو پێكدادان لەنێوان حەشدی شەعبی و تیرۆریستەكانی داعش روویدا كە بۆ ماوەی ٥ كاتژمێر بەردەوام بوو.
شاری تەلەعفەر بەدووری ٦٥ كیلۆمەتر دەكەوێتە رۆژئاوای مووسڵ و بەشارێكی گرنگی توركماننیشن دادەنرێت كە ژمارەی دانیشتوانی شارەكە ٣٠٠ هەزار كەس دەبێت بەڵام ژمارەی دانیشتوانی قەزای تەلەعفەر نزیكەی ٥٠٠ هەزار كەسە.