Mohammed Baqi Hussein
27 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 27 کانوونی یەکەم 2016
مۆسکۆ - AA
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ رایگەیاند، پارچەیەکی فڕۆکە رووسیەکەیان لە دەریای رەش دۆزیوەتەوە و دەریانھێناوەتەوە.
کۆناشێنکۆڤ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە کارەکانی گەڕان بەدوای پارچەکانی فڕۆکەکەدا لە مۆسکۆ سازیدا رایگەیاند، پارچەیەکی ٣.٥ بە ٤.٥ مەتریی لا تەنیشتی فڕۆکەکەیان لە دەریای رەشدا دەرھێناوەتەوە و بەمەبەستی لێکۆڵینەوە رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانیان کردووە.
ناوبراو راشیگەیاند بەشێک لە پارچەکانی بەشی پشتەوەی فڕۆکەکە و پارچەیەکی دیکە کە پێیان وایە پارچەی بزوێنەرەکەی بێت دۆزراوەتەوە و دەریاوانەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لەو پارچانە لەژێر دەریاکەدا.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، کارەکانی گەڕان و پشکنین لە دەریای رەش بەدرێژایی ٢٤ کاتژمێر بەردەوامە و تێیدا ٤٥ کەشتی، ١٥ ژێر دەریایی، ١٩٢ دەریاوان، ١٢ فڕۆکە و پێنج ھەلیکۆپتەر بەشدارن.
ھاوکات بەپێی ھەواڵێکی ئاژانسی ھەواڵیی رووسی Tass، بانگەشەی ئەوە کراوە کە تەرمی فڕۆکەوانەکە رۆمان ڤۆڵکۆڤ لەدەریاکە دەرھێنراوەتە دەرەوە. بانگەشەی ئەوەش کراوە کە بەپێی لێکۆڵینەوە لە پارچەکانی فڕۆکەکە، پێدەچێت فڕۆکەوانەکە ھەوڵیدابێت فڕۆکەکە بۆ ناو دەریاکە دابەزێنێت.
فڕۆکەیەکی جۆری Tu-١٥٤ لە مۆسکۆوە بەڕێکەوت و دوای ئەوەی لە سۆچی بەنزینی تێکردەوە، بەرەو سووریا بەڕێکەوت. فڕۆکەکە ئەندامانی تیپێکی میوزیکی ھەڵگرتبوو کە بەنیازبوون لە بنکەی سەربازیی حمەیمیم لە سووریا کۆنسێرتێک سازبکەن. بەڵام کەوتە نێو دەریای رەشەوە.