Emre Gürkan Abay,Dildar Baykan,Bayram Altuğ
25 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 26 مای,س 2021
مۆسکۆ/واشنتۆن/جنێڤ - AA
ئەوە راگەیەندرا کە سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن، رۆژی ١٦ی حوزەیران لە جنێڤ کۆدەبنەوە.
لەو راگەیەندراوەی کە لە کۆشکی کرملین بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە لە نێوان رووسیا و ئەمریکادا کراوە، رۆژی ١٦ی حوزەیران پوتین و بایدن لە جنێڤ کۆدەبنەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، لە میانی کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی دۆخ و داھاتووی پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و ئەمریکا دەکرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە، "جگە لە بابەتەکانی ستراتیژی سەقامگیری راوێژ لەسەر بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و چارەسەرکردنی کێشە ناوچەییەکان و بابەتە ھەنووکەییەکانی رۆژڤی نێودەوڵەتیی دەکرێت".
لەدوای دەستبەکاربوونی جۆ بایدن وەکو سەرۆکی ئەمریکا، ئەمە یەکەم جار دەبێت ھەردوو سەرۆک رووبەروو یەک ببینن.
- راگەیەندراوی کۆشکی سپی
لەلای خۆیەوە گوتەبێژی کۆشکی سپی، جین ساکی لە رێگەی راگەیەندراوێکەوە، ئەوی پشتڕاستکردەوە کە بایدن و پوتین لە رۆژی ١٦ی حوزەیران لە جنێڤ کۆدەبنەوە.
لە راگەیەندراوەکەی ساکیدا ھاتووە، "لە کاتێکدا ئێمە پێشبینیکردن و بەرقەرارکردنی سەقامگیریمان لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا-رووسیامان دەوێت، ھەردوو سەرۆک سەرجەم بابەتەکانی نێوانمان تاوتوێ دەکەن".
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی سویسرا، گوی پارمیلین، لە رێگەی تویتەرەوە خۆشحاڵی خۆی لەبەرامبەر میوانداریکردنی سویسرا بۆ لووتکەی نێوان سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن دەربڕی.