Emre Gürkan Abay,Muhammet Ali Kemal
11 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 12 تشرینی دووەم 2017
دانانگ- AA
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین، وێرای ئاماژەدان بەوەی ئەو دەقەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپدا سەبارەت بە سووریا واژوویان کرد گرنگییەکی زۆری هەیە، رایگەیاند: "بەڵام ئەوەی کە نەمانتوانی لەگەڵ ترەمپدا کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجامبدەین، نیشانەی ئەوەیە کە قەیرانی نێوان هەردوو وڵات درێژەی هەیە".
ڤلادیمیر پوتین سەبارەت بە کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لە پەراوێزی کۆبوونەوەی هاریکاریی ئابووریی پاسیفیک و ئاسیا (ئاپێک) کە لە شاری دانانگی ڤێتنام بەڕێوەدەچێت، روونکردنەوەی دایە رۆژنامەوانان.
پوتین باسی لەوەکرد کە ''کۆبوونەوەیەکی ئارام و دۆستانە''یان لەگەڵ ترەمپ ئەنجامداوە و رایگەیاند: ''بەڵام ئەوەی کە نەمانتوانی لەگەڵ ترەمپدا کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجامبدەین، نیشانەی ئەوەیە کە قەیرانی نێوان هەردوو وڵات درێژەی هەیە. ئێمە بە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکادا، ئامادەین بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هاریکاریی نێوانمان لەوبوارانەی کە سوود بە گەلانی هەردوو وڵات بگەیەنێت''.
ڤلادیمیر پوتین تیشکی خستەسەر ئەوەی ئەو دەقەی سەبارەت بە سووریا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپدا واژوویان کردووە، گرنگیی زۆری بۆ ئەمریکا، رووسیا و وڵاتانی دیکە هەیە و رایگەیاند: ''لەرێگەی ئەو دەقەوە جەخت لە گرنگیی درێژەدان بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەکرێت. پێم وایە ئەمە گرنگییەکی دیکەشی پەیوەست بەو هێرشە تیرۆریستیی پڕ تراژیدیانە هەیە کە لەماوەی رابردوودا لە ئەمریکا ئەنجامدران.
پوتین ئاشکرایکرد لەرێگەی ئەو دەقە هاوبەشەوە پێداگریی لەسەر یەکپارچەیی خاکی سووریا کراوەتەوە و رایگەیاند: ''کاتێک کە هەڕەشەی تیرۆر لەو وڵاتە کۆتاییدێت، لەچوارچێوەی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەنگاو بەرەو چارەسەری سیاسیی دەنێین''.