بەیروت
بە سەرپەرشتی Events production و بە بەشداریی چەندین وەرزشوان و کەسایەتی سیاسی و سەرکردەی ئەو وڵاتە، پێشانگەیەک بۆ ئوتۆمبێلە کۆنەکان لە بەیروتی پایتەختی لوبنان ڕێکخرا و تێیدا ٩٠ ئوتۆمبێلی کەسایەتییە بەناوبانگەکانی وڵاتەکە نمایش کران.
رولا دوەید، یەکێ لە رێکخەرانی پێشانگەکە بۆ AA گوتی: "ئوتۆمبێلەکانی ئەم پێشانگەیە بۆ فرۆشتن نین و تەنیا بۆ نیشاندانیانە، ئامانج لێی ئاشناکردنەوەی خەڵکی لوبنانە بەو ئوتۆمبێلانە، ساڵانی پێشووتر پێشانگەی ھاوشێوەی پێشانگاکەی ئەمساڵمان کردووەتەوەو زیاتر لە ٤٥ ھەزار کەس سەردانیان کردبوو."
لە پێشانگەکەی ئەمساڵدا نزیکەی ٩٠ ئۆتۆمبێلی ساڵانی ١٩٢٠- ١٩٧٥ کە لەلایەن وەرزشوان و سەرکردەکانەوە بەکارھاتوون نمایش کرابوون.
رولا دوەید ئاماژەی بەوەدا زۆرێک لەئوتۆمبێلەکان لە لایەن کوڕو کوڕەزای ئەو کەسایەتیانەوە براون بۆ نمایشکردن. ئێستا ھیچ کام لەو ئوتۆمبێلانە بەکارنایەن و تەنیا وەک کەرەستەیەکی ئەنتیکە دانراون.
وا بڕیارە پێشانگەکە تا ١٧ ی ئەم مانگە بەڕووی سەردانکەرانیدا کراوە بێ.