Zana Natık Kerem
27 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 28 تشرینی دووەم 2016
نەینەوا ــ AA
سوپای عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند كە هێزەكانیان بە پشتیوانی فڕۆكەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی، 19 تیرۆریستی داعشیان لە باشووری مووسڵ كوشتووە و 10 گەڕەك و گوندی دیكەشیان كۆنترۆڵكردووەتەوە.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە "فڕۆكەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی ئۆتۆمبێلێكی تیرۆریستانی داعشیان لە گوندی شەمسیات باشووری رۆژهەڵاتی مووسڵ كردە ئامانج و بەهۆیەوە گەورە تیرۆریستێک بەناوی ئەبو ئەنەس چیچانی لەگەڵ سێ تیرۆریستی دیكە كوژران.
بەپێی بەیاننامەكە هێزەكانی فیرقەی نۆی زرێپۆش شەش داعشیان كوشتووە و گوندی جلیوخان و كارگەیەكیان كۆنترۆڵكردووەتەوە.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەیش كراوە كە هەر لە میحوەری رۆژهەڵاتی مووسڵ، شەش تیرۆریستی داعش لەلایەن هێزەكانی فیرقەی نۆ كوژراون و ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراویش تەقێنراوەتەوە.
هاوكات ئەفسەر لە هێزەكانی دژە تیرۆر، نەقیب یەزن سابت بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند كە تا ئێستا هێزەكانی عێراق توانیویانە نزیكەی 30 لەسەدای گەڕەكی قاهیرە باكووری مووسڵ كۆنترۆڵ بكەنەوە.
یەزن سابت گوتشی: "هێزەكانی عێراق لە پێشڕەوییكردن بەردەوامن بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی گەڕەكە".
هاوکات دەستەی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند كە هێزەكانیان توانیویانە شەش گوندی دیكە لە رۆژئاوای مووسڵ كۆنترۆڵ بكەنەوە.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە "لە چوارچێوەی پێشڕەوییەكانی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكانی رۆژئاوای مووسڵ، هێزەكانی حەشدی شەعبی گوندەكانی، عجبووری، بینونە، تەل سەمیری گەورە، مفتسە، مفلكەی باكوور، سیتە محەلـلـە و سەلام لە میحوەری رۆژئاوا كۆنترۆڵكردووەتەوە".