Rewa Mahmut Hasan
23 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 25 تشرینی دووەم 2015
فەرماندەیەکی تورکمان بە ناوی ئەبو فازڵ لە روونکردنەوەیەکی بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند، دوای ئەوەی گردی قزڵداغ کەوتە ژێر کۆنترۆڵی ھێزەکانی رژێم، ھەڕەشەیەکی گەورە لەسەر تورکمانەکانی بایربوجاک و گشت ناوچەکە دروست دەکات.
ئەبو فازڵ ئاماژەی بەوە دا فڕۆکەکانی رووسیا پشتگیرییەکی زۆری ھێزەکانی رژێمیان داوە و بەھۆی ئەوەی ناوچەکە نزیکە لە دەریا کەشتییەکانی جەنگی و فڕۆکەکان مووشەکیان ئاراستە کردووە و لە وشکایشدا بە ھاوکاریی ھێزەکانی ئێران بە تانک و تۆپەوە ھێرش کراوەتە سەر ناوچەکە، ھەروەھا گوتیشی: "لە چوار رۆژی دواییدا لە ھەر ١٠ مەترێکدا بۆمبێک کەوتووە. رژێمی سووریا بە چڕی بۆردوومانی ناوچەکە دەکات. لە فڕۆکە و کەشتییەوە مووشەک ئاراستە دەکرێت و لە وشکایشدا بە تۆپ و ھاوەن ھێرش دەکات. گردی قزڵداغش خاڵێکی ستراتیژییە و رێگەی چیای تورکمان زاڵە بەسەر گوندەکانی ناوچەکە. کۆنترۆڵکردنی ئەم شوێنە لە لایەن رژێمەوە ھەڕەشەیەکی گەورە دروست دەکات. لە ئەنجامی کۆنترۆڵکردنی گردی قزڵداغ لە لایەن ھێزەکانی رژێمەوە ھەم فشاری لەسەر خەڵکی سڤیل و ھەمیش لەسەر ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دروست کردووە. ئەگەر ھاوکاریی نەکرێین ئەوە گیان لەدەست دەدەین و جموجۆڵی سەربازییمان دەوەستێت. بە پەلە پێویستیمان بە کەلوپەلی سەربازیی دژی تانک ھەیە".
ھاوکات فەرماندەی لیوای سوڵتان عەبدولحەمید، عومەر عەبدوڵا رایگەیاند: "ھەفتەیەکە لە گردی قزڵداغ دەجەنگێین، بەڵام دوای بۆردوومانێکی چڕ کەوتە ژێردەستی رژێم. گشت رێگەکانی چیای تورکمان بەرامبەر بە گوندەکانی دەوروبەرە و لێرەدا ھێرش دەکرێتە سەر ئەو گوندانە".
عەبدوڵا ئاماژەی بەوەش دا کە ھێزەکانی رژێم پێنج تانکیان بۆ گردی قزڵداع رەوانە کردووە و ئەمەش بە تایبەتی ھەرەشە بۆ سەر گوندانە دروست دەکات کە خەڵکی سڤیلی تێدا دەژێت و گوتیشی: "پاش کۆنترۆڵ کردنی گردی قزڵداغ لە لایەن ھێزەکانی رژێم، بە تانک و چەند چەکێکی جیاواز ھێرش بۆ سەر گوندەکانی قارامانلی، داغداھان، دەروێشھان، کەپیر و مورتڵو ئەنجام دەدەن. چیای تورکمان لە قۆناغێکی زۆر ھەستیاردایە و پێویستە بە پەلە یەکەی سەربازیی رەوانە بکرێت. ھەروەھا پێویستە بە چەکی قورس ھەیە. ئێمە باوەڕ بە خوا دەکەین و متمانەمان بە خۆمان ھەیە. داوای ھاوکاریی لۆجستیکی لە جیھانی ئیسلامی دەکەین کە پێنج ساڵە دەنگیان دەرنەچووە. تاوەکو دوا ھەناسە پارێزگاری لە یادەوەرییەکانی باو باپیرانمان لەم خاکە دەکەین. خەڵکی سڤیل بە لێشاو دەچنە سنوورەکان و موسڵمانانیش ھێشتا سەیری دەکەن".
جێگەی باسە دوای کۆنترۆڵکردنی گردی قزڵداغ لە لایەن رژێمی سووریاوە رێگەی گوندەکانی دەوروبەری ناوچەکە بەھۆی کوژانەوەی مۆلیدەکانەوە داخران.