Mustafa Keleş
28 ئەیلوول 2015•نوێکردنەوە: 03 تشرینی یەکەم 2015
نیویۆرک
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیری جەختی لەوە کردەوە کە تەنیا یارمەتی ماددی بۆ پەنابەران بەس نییە و گوتی: "پێویستە لەو هۆکارانە بکۆڵینەوە کە پاڵ بەپەنابەرانەوە دەنێت ماڵی و حاڵ و کەسوکاریان جێبهێڵن و روو لە وڵاتانی رۆژئاوا بکەن".
لە میانی كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوە لە كۆڕبەندی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر كیری رایگەیاند "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەلایەن ئەو وڵاتانەی لە بەرەی پێشەوەن خەرجییەكی زۆری دەوێت".
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا باسی لە رێكخراوی تیرۆریستی داعش كرد و گوتی: "ئەوان كەسانێكی وێرانكەرن، هەرگیز بیر لە بونیاتنانەوە نەكانەوە، ئەو كەسانە كە بە زۆر دەیانەوەێت جۆرە شێوازێكی ژیان بەسەرماندا بسەپێنن، هەرگیز ناگونجێت لەگەڵیان رێكبكەوین".
جۆن كیری تیشكی خستە سەر ئەوەی كە نابێت هیچ وڵاتێك خۆی لە بەرەنگاربوونەوەی داعش بەدووربگرێت و گوتی: "داعش مەترسییە بۆسەر تەواوی وڵاتانی جیهان، بۆیە دەبێت هەموومان دەست لەناودەست كاربكەین".
ناوبراو جەختی لەوە كردەوە كە دەبێت لە بوارەكانی دیپلۆماتی، سەربازی و ئابووری پێش لە داعش بگیرێت و بەرەنگاری ببینەوە رایگەیاند "سەرەتا دەبێت بەر لە چوونی كەسان بگرین بۆناو ریزی داعش، بەپێی ئەو بڕیارەی كە نەتەوە یەكگرتووەكان ساڵی پار دەری كرد هەموو ئەندامان بەرپرسن لە رێگەگرتن لە نەهێشتنی چوونی هاووڵاتییانی بیانی بۆ ریزی داعش، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە رێز لە مافەكانی مرۆڤ بگیرێت، پێویستە هەموو چالاكییەكی توندوتیژی قەدەغەبكرێت، سنوورەكان توندوتۆڵ بكرێن، بەمەبەستی بەرگرتن لە دروست بوونی شەڕكەری تیرۆریستی تازە وڵاتان لەبواری زانیاری هەواڵگریدا هەماهەنگی بكەن".
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جۆن كیری باسی لەوە كرد كە لەگەڵ توركیا رێككەوتوون كەوا بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە توركیا كار لەسەر هۆشیاری تاكە كەس بكرێت و لەو رێگەوە هەوڵبدرێت گەنجانی ئەو وڵاتە هۆشیار بكرێنەوە".
جۆن كیری باسی لە رەوشی پەنابەران كرد و گوتی: "تەنیا یارمەتی ماددی بۆ پەنابەران بەس نییە پێویستە لەو هۆكارانە بكۆڵینەوە كەوا چی وا لەو پەنابەرانە دەكات ماڵ و حاڵ و كەسوكاریان جێبهێڵن و روو لە وڵاتانی رۆژئاوا بكەن، چاوم بە ژمارەیەك پەنابەری سووری لە ئەڵمانیا كەوت ئافرەتێك دوو منداڵ و دایك و باوكی بەجێهێشتووە و لە سووریا رای كردبوو، لەبەر ئەوەی وایدەزانی ناتوانێت بە سەلامەتی بیانهێنێتە ئەڵمانیا، ئێمە بەرەنگاری رەوشێكی لەو شێوەیە دەبینەوە".
جێگای باسە كۆربەندی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ساڵی ٢٠١١دا درووست بوو، بۆ ئەم مەبەستەش ماوەی چوار ساڵە توركیا و ئەمریكا بە هاوبەشی كۆربەندەكە بەرێوە دەبەن، بڕیارە ساڵی داهاتوو لە وەرزی بەهاردا دیسانەوە كۆربەندێكی دیکە سازبكرێت بەڵام ئەمجارەیان لە وڵاتی مەغریب، لەم كۆربەندەدا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رابەرایەتی كردنی كۆربەندەكە بۆ هۆڵەندا بەجێ دەهێڵێت بەهۆی ئەوەی كە ژمارەی موسوڵمان لەو وڵاتە لەسەرووی لە سەدا ١٠یە.