Rewa Mahmut Hasan
11 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 21 ئادار 2016
وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا، رایگەیاند كە بەرپرسی چەكی كیمیاوی داعش "سلێمان داود ئەلبەكار" ناسراو بە ئەبو داود-ی رادەستی دەسەڵاتدارانی عێراق كردەوە دوای ئەوەی زانیاری وردی لەبارەی چەكەكانی كیمیاوی داعش رادەست كردن.
گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا پیتەر كووك، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "هێزەكانی ئەمەریكا لە مانگی شوباتی رابردوو ئەبو داود-یان دەستگیركردبوو".
كووك ئاماژەی بەوەدا كە دوێنێ پێنجشەممە، ئەبو داودیان رادەستی دەسەڵاتدارانی عێراق كردەوە دوای ئەوەی زیانیاری گرنگی لەبارەی تواناكانی داعش لە بواری چەكی كیمیاوی رادەستی هێزەكانی هاوپەیمانان كرد.
گوتەبێژ بەناوی پنتاگۆن گوتی: "هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش لە رێگای ئەبو داود-ەوە توانیان زانیاری ورد لەبارەی دامەزراوە كیمیاوییەكانی داعش و ئەو كەسانەی كە لە دورستكردنی ئەو چەكانە تێوەگلاون بە دەست بهێننن".
كووك ئاماژەشی بەوەدا كە هاوپەیمانان زانیاریەكانی ئەبو داودیان بەكارهێنا بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەك هێرشی ئاسمانی كە بوونە هۆی لاوازكردنی تواناكانی داعش لەبواری دورستكردنی چەكی كیمیاویی.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا، رەتی كردەوە كە مێژووی ئەو هێرشە ئاسمانییانە دیاری بكات لەبەر چەند "هۆكارێكی ئەمنی" كە پەیوەندیدارە بە هێرشی دیكە كە لەوانەیە لە ئایندەدا بكرێنەسەر دامەزراوەی هاوشێوە، هەروەك خۆی ئاماژەی پێ دا.