Ramal Mahmood
12 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 15 کانوونی دووەم 2017
ئەنقەرە – AA
سەرۆکی لیژنەی باڵای دانوستانکاری ئۆپۆزسیۆنی سووریا، ریاز حیجاب لەبارەی پێشێلکردنی ئاگربەستی سەرتاسەری لەلایەن هێزەکانی رژێم لە دۆڵی بەڕەدا، پەیامێکی کراوەی ئاراستەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئانتۆنیۆ گۆترێس کرد.
لە پەیامەکەی ریاز حیجابدا هاتووە "داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین هەنگاوی پێویست بگرێتە بەر بۆ کۆتاییهێنان بەڕەوشی تراجیدی و ترسناکی دۆڵی بەڕەدا. بەپەلە هەوڵی راگرتنی پێشێلکارییە روون و ئاشکراکانی میلیشیاکان بدات کە لەلایەن ئەسەد و ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن و دەستیان سوورە بەخوێنی هاووڵاتییان و ئەنجامدانی تاوان لە ناوچەکە و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان هەروەها پابەندبوونی تەواو بەئاگربەستەکە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشداوە لە کەوتنەواری جێبەجێکردنی ئاگربەستەکەوە تاکو ئێستا رژێم و پشتیوانانی ٣٩٩ جار ئاگربەستەکەیان پێشێل کردووە و بەلانیکەمەوە ٢٧١ کەسیان کوشتووە، توندترین هێرشیش لە دۆڵی بەڕەدای دیمەشق ئەنجام دراوە.
حیجاب تیشکی خستەسەر ئەوەی میلشیاکان کە ئێران و رژێمی ئەسەد پشتیوانیان دەکەن لەگەڵ راگەیاندنی ئاگربەستەکە، هێرشەکانیان بۆسەر ئەم دۆڵە چڕکردووەتەوە، هێزە ئاسمانییەکانی رژێمیش بێناوبڕ سیستەمی ئاوی عەین ئەلفیجا و گوندەکانی بەسیمە، ژافر زەیت و حوسەینیەیان کردووەتە ئامانج.
لە پەیامەکەیدا حیجاب تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە دانیشتوانی دۆڵی بەڕەدا بەشێوەیەکی بەردەوام و دوور لە بنەماکانی مافی مرۆڤ بەهۆی بۆردومانەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە، لەم بۆردومانانەدا بۆمبی بەرمیلی بەکارهێنراوە کە ئەوەش پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە، هەروەها تیایدا هاتووە "دەزانین رژێم و پشتیوانیان وەک رابردوو بەتایبەتی ژێرخانی ناوچەکە دەکەنە ئامانج. لەوەش ناخۆشتر ئەوەیە کە پێنجی ئەم مانگە هێزەکانی رژێم لە رێگەی ئاراستەکردنی چوار مووشەکەوە کە غازی کلۆریان تیادابوو هێرشیان کردە سەر گوندی بەسیمە لە دۆڵی بەڕەدا بەمجۆرەش رێککەوتننامەی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاییان پێشێل کرد. دانیشتوانی ئەم ناوچانە تا دێت زیاتر بەدەست کەمبوونەوەی خواردن، ئاو، کارەبا و داوودەرمانەوە دەناڵێنن. رژێم بەپێشێلکردنی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٥دا دەستیکردووە بەهەڵەمتێکی چەپەڵ و وەحشیگەری لەسەر دۆڵی بەڕەدا بەناوی 'یان لە برسان بمرە، یاخود خۆت رادەست بکە'، بۆ ئەوەی بەردەوامی بەو سیاسەتە بێبەزاییانەی بدات ئاگربەستەکە بەکار دەهێنێت".
حیجاب ئاماژەی بەوە داوە کە تا دێت رەوشی مرۆیی دانیشتوانی ئەم ناوچەیە خراپتر دەبێت، بەهۆی هێرشکردنە سەر سیستەمی ئاوی ماڵان لە عەین ئەلفیجا لە کارکەوتووە و پێنج ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس بەدەست نەبوونی ئاوەوە دەناڵێنن.
تیشکیشی خستووەتە سەر ئەوەی کە بەکارهێنانی ئاوی نەپاڵێوراو هەڕەشەیە لەسەر تەندروستی دانیشتووان بەتایبەتی منداڵان "رژێم بەئەنقەست هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر عەین ئەلفیجا، بەمەش تاوانی جەنگی ئەنجام داوە. دەبێت رژێمی ئەسەد باجی ئەو پێشێلکارییانەی بدات".
حیجاب سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە رژێم مەترسی خستووەتە سەر ئەو رێککەوتننامەیەی بۆ چارەسەری سیاسیی قەیرانی سووریا بەرنامەی بۆ دانراوە، "داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەکەین لێپرسینەوە لەوانە بکات کە یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤیان پیشێلکردووە و هەرچی زووشە ئەم پێشێلکارییە قێزەونانە رابگرێت. بۆ ئەوەی ئاگربەستیکی دیکە نەچێتە سەبەتەی خۆڵەوە داواتان لێ دەکەین ئەم هێرشانە رابگرن. بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەکی ئاشتییانە بۆ رەوشی سووریا داوا دەکەین هەموو لایەک بەئەرکی خۆیان هەڵبستن".