Zana Natık Kerem
03 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 03 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر ــ AA
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن رایگەیاند، حكوومەتی عێراق زنجیرەیەك رێوشوێنی ئەمنی، سیاسی و دیپلۆماتی بە ئامانجی راگرتنی ئەو هێرشانەی كە دەكرێنە سەر ناوچەی سەوز و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا گرتووەتەبەر.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن و وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، مایك پۆمپیۆ پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە كە لەمیانیدا سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات و هەروەها بڕیاری بەرایی ئیدارەی ئەمریكا بۆ داخستنی باڵیۆزخانەكەیان لە بەغدا گفتوگۆیان كردووە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن نیگەرانی خۆی نیشانداوە سەبارەت بە بڕیارەكەی ئیدارەی ئەمریكا بۆ داخستنی باڵیۆزخانەكەیان لە بەغدا لە ئەگەری هەر چەشنە هەڕەشەیەک و هاتووە کە، ئەو بڕیارە دەرئەنجامێكی لێدەكەوێتەوە كە لە بەرژەوەندی گەلی عێراق نابێت.
فوئاد حوسێن بە هاوتا ئەمریکییەکەیشی راگەیاندووە کە "حكوومەتی عێراق زنجیرەیەك رێوشوێنی ئەمنی، سیاسی و دیپلۆماتی بە ئامانجی راگرتنی ئەو هێرشانەی كە دەكرێنە سەر ناوچەی سەوز و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا گرتووەتەبەر و بەمزووانە ئەنجامی ئەرێنی لێدەكەوێتەوە".
بەپێی راگەیەندراوەكە، لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، مایك پۆمپیۆ جەختیكردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە پەیوەندییەكانی ئەمریكا و عێراق بۆ هەردوولا زۆر گرنگن.