Ahmet Furkan Mercan
31 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 31 کانوونی یەکەم 2022
تۆکیۆ - AA
ژاپۆن و کۆریای باشوور بڵاویان کردەوە کە کۆریای باکوور بە ئاراستەی دەریای ژاپۆن (دەریای خۆرهەلات) مووشەکێکی بالیستی تاقیکردووەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزیری بەرگریی ژاپۆن، کۆریای باکوور کاتژمێر ٠٨:٠١ بۆ ٠٨:١٥ بەکاتی ناوخۆی ئەو وڵاتە، بە ئاراستەی دەریای ژاپۆن مووشەکێکی بالیستی تاقیکردووەتەوە.
ئاماژە بەوە کرا کە مووشەکە بالستیەکە ١٠٠ کیلۆمەتر بەرزبووەتەوە و ٣٥٠ کیلۆمەتری هەوایی بڕیوە و لە نیمچەدوورگەی کۆریا کەوتووەتەخوارەوە.
لە پاش تاقیکردنەوە مووشەکەکە، حکوومەتی ژاپۆن لە رێگەی باڵیۆزخانەی ولاتەکەیەوە لە پەکین، نامەی ناڕەزایەتی ئاراستەی کۆریای باکوور کرد.
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای کۆریای باشوور، ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە لە ناوچەی نۆرس هوانگهای کە ٦٠ کیلۆمەتر لە باشووری پیۆنگ یانگ دوورە، مووشەکێکی بالیستی هەڵدراوە.
فەرماندەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە زەریاکانی هیندی-هێمن (INDOPACOM) بڵاویکردەوە کە تاقیکردنەوەکە نەبووەتە هەڕەشە لەسەر هێزەکانی ئەمریکا و ژاپۆن و کۆریای باشوور.
کۆریای باکوور دوایین جار لە ٢٣ی کانوونی یەکەمدا تاقیکردنەوەی مووشەکیی ئەنجامدا، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ەوە تا ئێستا، تێکڕا نزیکەی ٩٠ تاقیکردنەوەی مووشەکی جۆراوجۆری ئەنجام داوە.