Hamza mansur
26 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 27 تەمووز 2016
ژمارەی كوژراوانی ئەو هێرشە كە بەچەقۆ كرایەسەر خانەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لە باشووری رۆژئاوای شاری تۆكیۆ-ی پایتەختی ژاپۆن گەیتشە 19 كەس.
ئاژانسی هەواڵی "كیودۆ"ی ژاپۆنی بڵاوی كردووەتەوە "كەسێكی نەناسراو چووەتە نێو خانەی پێداویستییە تایبەتەكان كە دەكەوێتە نێو شاری ساگامیهارا باشووری رۆژئاوای تۆكیۆ و پاشان لە كاتی نووستنیاندا بە چەقۆ هێرشی كردووەتە سەر نەخۆشەكان كە بەهۆیەوە 19 كەس كوژراون و 25 کەسی دیكەش بریندار بوون".
بەپێی ئەوەی ئاژانسەكە ئاماژەی بۆ كردووە، باری تەندورستی 20 لە بریندارەكان مەترسیدارە و تەمەنی كوژراوەكانیش لە نێوان 19 بۆ 70 ساڵانن.
بەپێی زانیارییەكان، لە دوای هێرشەكە، هێرشبەرەكە كە ناوی "ساتوشی ئۆماتسۆ"ی تەمەن 26 ساڵە، خۆی رادەستی نزیكترین بنكەی پۆلیس كردووە، ناوبراو پێشتر لەو خانەیە كاربەدەست بووە.
هاوكات میدیاكانی نێوخۆی ژاپۆن لە میانی لێپرسینەوەكاندا لەلایەن پۆلیسەوە، لە ئۆماتسۆیان گێڕاوەتەوە کە گوتوویەتی "باشتر وابوو، خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان لە نێو ببرێن".
هاوكات پۆلیس ئاماژە بەوە دەكات، ئۆماتسۆ، لە مانگی شوباتی رابردوو، نامەی داوەتە هەندێك سیاسەتمەداری وڵاتەكەی و تێدا هەڕەشەی ئەوە كردووە، كە بەسەدان خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان دەكوژێت.
بەپێی راپۆرتەکانی رۆژنامەنووسییش، ئۆماتسۆ لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی چارەسەریی دەروونی دوو هەفتەیە کە هاتووەتە دەرەوە.
ئەم هێرشەش كاردانەوە و مشتومڕی نێوخۆی گەورەی لە ژاپۆن بەدوای خۆیدا هێنا چونكە ئەو ڵاتە بە یەكێك لە وڵاتە دیارەكانی جیهان دادەنرێت، كە ئارامی و ئاسایشی تێدا بەرقەرارە.
گوتەبێژی حكوومەتی ژاپۆن "یوشیهیدا سۆگا" لەبارەی ئەم هێرشەوە بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند کە "لەو هێرشە جەرگبڕەدا، ژمارەیەك بێتاوان كوژران و بریندار بوون".