Sangar Hamad Azeez
10 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 11 ئەیلوول 2016
سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەوانی شارۆچکەی کارکامیش-ی سەربە پارێزگای عەنتاب، نوح کۆجائاسڵان رایگەیاند "لە چوارچێوەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات و پاککردنەوەی ناوچەکە لە داعش لە ماوەیەکی کەمدا ژمارەی دانیشتوانی جەرابلوس لە ٣ هەزار و ٥٠٠ کەسەوە بۆ ٢٠ هەزار کەس بەرزبوویەوە".
لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو کۆجائاسڵان گوتی: "لە رۆژی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە تا ئیستا گەورە شارەوانی عەنتاب ئەوەی لەدەستی هاتووە بۆ جەرابلوس کەمتەرخەمی نەکردووە".
ناوبراو تیشکی خستە سەر بەردەوامی کۆمەککردن و دابینکردنی پێداویستییەکان و گوتی: "لە جەرابلوس کێشەی ئاوی خواردنەوە و کارەبا هەبوو ئەمانیش لە رۆژی عارفە چارەسەر دەکرێت، هەروەها بەشێوەیەکی رێک خزمەتگوزاری تەندروستیان پێشکەش نەدەکرا بەڵام لە ئێستادا نەخۆشخانەی سەحرا کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی تورکیا دامەزرێنرا بەشێوەیەکی رێک خزمەتگوزاری پێشکەش دەکات".
سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەوانی شارۆچکەی کارکامیش ئاشکرایکرد کەوا بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە کارەکان و ئاساییبوونەوەی ژیان لە ناوچەکە ناوبەناو خودی خۆی سەردانی جەرابلوس دەکات.
نوح کۆجائاسڵان جەختی کردەوە لەوەی کە دەیانەوێت خۆشی و شادی بۆ جەرابلوس بگەڕێننەوە و گوتی: "کێشەی جەرابلوس کێشەی کارکامیش و تورکیایە. گەر بێت و خۆشی بگەڕێتەوە جەرابلوس ئەوە ئیمەش خۆشحاڵ دەبین. هەر بۆیەش بە کەمترین ماوە جەرابلوس دەکەینە شارێک کە ژیانی لێ بێت. ماوەی سێ رۆژە براکانمان دەگەرێنەوە زێدی خۆیان (جەرابلوس). دلخۆشی ئەوان دڵخۆشی ئێمەشە. بەر لە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات ژمارەی دانیشتوانی جەرابلوس ٣ هەزار و ٥٠٠ کەس بوو بەڵام ئێستا گەیشتۆتە ٢٠ هەزار کەس. بازاڕەکانی شارەکە پڕ بووە لەخەڵک. بەڵام ئەمە سەرەتایە و ئینشائەڵڵا رۆژ لە دوای رۆژ شارەکە خۆشتر دەبێت".
ئەو بەرپرسە تیشکی خستە سەر ئەوەی کە هاووڵاتییانی جەرابلوس خۆشحالن بە پێشهاتەکان و گوتی: "هەموو کات لەگەڵ هاووڵاتییانی جەرابلوس کۆدەبووینەوە، هەموو کات پێمان دەگوتن ئینشائەڵڵا جەژنی داهاتوو باشتر دەبێت، ئێستا هاووڵاتییانی جەرابلوس لە زێدی خۆیان و لەگەڵ خێزانەکانی خۆیان جەژن دەکەنەوە. لە چاوەکانیان خۆشی و شادی بەدیدەکرێت، لەمەودوا هەر بەخۆشی کات بەسەر دەبەن".
کۆجائاسڵان ئەوەیشی ئاشکرا کرد کەوا وەک شارەوانی کارکامیش بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردنی جەرابلوس لە کاری پاککردنەوە و فریاگوزاری خێرا بە هاووڵاتییان و گوتی: "هەوڵدەدەین لە جەژندا شەقامەکانیشان بۆ پاک بکەینەوە".