Dildar Baykan Atalay
07 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 07 کانوونی یەکەم 2021
واشنتۆن - AA
کۆشکی سپی، بەھۆی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ھەرێمی خۆسەریی ئویگور سینجان و ھەرێمەکانی دیکە لەلایەن چینەوە، بایکۆتی دیپلۆماسیی یارییەکانی ئۆلۆمپیادی زستانەی پەکینی راگەیاند.
گوتەبێژی کۆشکی سپی، جێن ساکی لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژانەیدا گوتی: "بەھۆی ئەو تاوانە دژبە مرۆڤایەتییانەی کە چین لە سینجان ئەنجامیداوە و پێشێلکارییەکانی دیکەی مافەکانی مرۆڤ، ھیچ شاندێکی دیپلۆماسی یان فەرمی بۆ یارییەکانی ئەلۆمپیادی زستانەی پەکین ٢٠٢٢ و یارییەکانی ئۆلۆمپیادی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان نانێرین."
ساکی، جەختی لەوە کردەوە کە پاڵپشتیی تەواویان بۆ ئەو وەرزشوانە ئەمریکییانە دەبێت کە بەشداری لە ئۆلۆمپیادەکەدا دەکەن و ئەوەی دووپاتکردەوە کە ئەمریکا، پابەندییەکی بەھێزی لەبەرامبەر پاراستنی مافەکانی مرۆڤ ھەیە.
جێن ساکی، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم بایکۆتە تەنھا لەسەرە ئاستی دیپلۆماسییە و کاریگەری لەسەر وەرزشوانان ناکات و ئەوەی راگەیاند کە ئەمە پەیامێکی توندە بۆ چین لە بەرامبەر پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ.
- بایدن ئەوەی راگەیاندبوو کە بیر لە بایکۆتکردن دەکەنەوە
لە ھەواڵێکی رۆژنامەی واشتنتون پۆست کە لە ١٦ی تشرینی دووەم بڵاویکردبوویەوە و لایەنی نزیک لەم بابەتەی وەکو سەرچاوە نیشاندابوو، بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە بایدن یاخود بەرپرسانی حکوومی، بەشداری لە ئۆلۆمپیادی زستانەی پەکین ناکەن و پلانی ئەوەیان ھەیە کە لە بەرامبەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن چینەوە بایکۆتێکی دیپلۆماسی جێبەجێ بکەن.