Kemal Karadağ
27 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 28 تەمووز 2022
ئەنقەرە – AA
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراهیم کاڵن رایگەیاند "رەوانەکردنی دانەوێڵە لە بەرژوەندی رووسیا و ئۆکراینیایشدایە. دەتواندرێت لە میانی دوو هەفتەدا چاوەڕێی دەرچوونی یەکەمین کەشتی بکەین. ئەمە کەمێکیش پەیوەندیدارە بەوەی وڵاتەکان تا چەند ئامادەیییان هەیە".
ئیبراهیم کاڵن لە میانی وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی "Bloomberg" لەبارەی رێککەوتننامەی پەیوەندیدار بە رەوانەکردنی دانەوێڵە لە ئۆکرایناوە گوتی: "ئەگەر رێککەوتننامەکە بەردەوام بێت و تەنها رووسیا و ئۆکراینا نا، بەڵکو وڵاتانی دیکەیش پشتیوانی بکەن، لەوانەیە کەشێکی متمانەپێکراو بهێنێتە ئاراوە، تەنانەت بۆ راگەیاندنی ئاگربەست، گۆڕینەوەی دیل و رێگەخۆشکەر بێت بۆ هەوڵەکان لە پێناو ئاشتیدا. ئەو بنکەیەی لە ئیستانبوڵ دادەمەزرێندرێت نوێنەری هەر چوار لا (رووسیا، ئۆکراینا، تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان)ی لێ دەبێت. نیگەران بووین لەو هێرشەی شەممە ئەنجام درا و راستەخۆ لەگەڵ رووسیا و ئۆکراینا هێنامانە بەرباس".
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بە ئاماژەدان بەوەی کە داواکارن تەواوی لایەنەکان پابەند بن بە مەرجەکانی رێککەوتننامەکەوە گوتی: "رەوانەکردنی دانەوێڵە لە بەرژوەندی رووسیا و ئۆکراینیایشدایە. دەتواندرێت لە میانی دوو هەفتەدا چاوەڕێی دەرچوونی یەکەمین کەشتی بکەین. ئەمە کەمێکیش پەیوەندیدارە بەوەی وڵاتەکان تا چەند ئامادەیییان هەیە. هەرچەند رێککەوتننامەکە بۆ ماوەی چوار مانگە، بەڵام ئەگەر هەردوو وڵات رێک بکەون خۆکارانە ماوەکەی دەتواندرێت درێژ بکرێتەوە".
- "جگە لە دانەوێڵە هیچ شتێکی دیکە رەوانە ناکرێت"
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراهیم کاڵن جەختی لەوە کردەوە کە جگە لە دانەوێڵە هیچ شتێکی دیکە رەوانە ناکرێت و گوتی: "مەزەندە دەکرێت تا کۆتایی ساڵ دانەوێڵەی بەر دەستی هەردوو وڵات بە تێکڕایی ٤٠ بۆ ٥٠ ملیۆن تۆن ببێت، بە جۆرێک کە پێ دەچێت ٢٠-٢٥ ملیۆن تۆن لە بن دەستی ئۆکراینا و ٢٥-٣٠ ملیۆن تۆن لە بن دەستی رووسیا ببێت. ئەوەی هەیە ئێستا لە سایلۆکاندایە، یان لە کەشتییەکان بار کراوە. جگە لەوانە هەروەها پەیینیش هەیە. کاتێک کەشتییەک لە بەندەرەکانی ئۆدیساوە بەڕێ دەکەوێت ئەوا بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی ئۆکرایناییەکاندایە، وەک ئەوەی ئەوان ئاراستەی دەکەن دەچێتە دەریای ناوەڕاست. لە هەر هەنگاوێکدا زانیاری دەدرێت بە بنکەکە. دوای ئەوەی دەگەنە ناو سنوورە ئاوییەکانی تورکیا کەشتییەکان بەردەوام دەبن لە رێگەبڕین. کە کەشتییەکان دێنە ئیستانبوڵ لە چەند خاڵێکی دیاریکراو پشکنینیان بۆ دەکرێت. هەمان رێوشوێن بەرامبەر ئەو کەشتییانەیش دەگیرێتە بەر کە دەڕۆن".
ئیبراهیم کاڵن بە تیشک خستنە سەر ئەوەی کە بەردەوامی دەدەن بە سیاسەتی راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا، گوتی: "دەرکەوتووە سیاسەتی راگرتنی هاوسەنگی تورکیا بە سەرۆکایەتی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان چەندە گرنگە".
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراهیم کاڵن لە وەڵامی پرسیاری "هیچ وڵاتێک هەیە هەم بچێتە ناو خۆرئاوا، هەم ببێتە ئەندام لە ناتۆ و لەلایەکی دیکەیشەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ رووسیا بەڕێوە ببات؟" گوتی: "نەخێر".
- "مۆڵەت لە کەس وەرناگرین"
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراهیم کاڵن گوتی: "بەر لە هەموو شتێک ئێمە پێمان وایە پێویستە پرۆسەی دانوستانە سیاسییەکانە لە چوارچێوەی بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام بێت و کارەکانی کۆمیسیۆنی دەستوور (سووریا) بەکۆتا بێت. بەداخەوە پێشهاتەکان بە ئاراستەی پێچەوانە بووە. ئێمە لە ناوچەی ئیدلب ئاسایشی دانیشتوانی نزیکەی چوار ملیۆن کەس مسۆگەر دەکەین لە کاتێکدا شەڕی ئێمە لەدژی هەڕەشەی تیرۆریستی لە ناوچەکە بەردەوامە. هەر لەبەر ئەمەشە سەرکۆمارمان گوتی کە دەکرێت ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێ لە هەر کاتێکدا رووبدات. ئێمە بۆ ئەمە داوای مۆڵەت لە کەس ناکەین. پێویست ناکات خشتەی کات بۆ کەس ئاشکرا بکەین، دەکرێت ئۆپەراسیۆنێکی لەو جۆرە لە هەر کاتێکدا لە چوارچێوەی هەڵسەنگاندنی مەترسییە ئەمنییەکانی خۆماندا ئەنجام بدرێت".
ئیبراهیم کاڵن سەبارەت بەو پەیامەی کە لەلایەن فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) بۆ تیرۆریستانی پەکەکە/یەپەگە بڵاوکرایەوە، گوتی: "بەتوندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو پەیامی سەرەخۆشییە دەکەین کە لەلایەن فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا سەبارەت کوژرانی دوو ئەندامی رێکخراوی تیرۆریستیی پەكەكە، بڵاوکرابووەوە. ئەمە شتێكە كە هەرگیز لە چوارچێوەی شەڕی دژبە تیرۆردا جێگەی نابێتەوە. لەلایەن هەر لایەن و کەسێکەوە بێت هیچ کات قبوڵ ناکرێت کە پرسە و سەرەخۆشی دەربکرێت، پەیامی یەکڕیزیی و هاوسۆزیی بدرێت بۆ پەکەکە کە بەڕوونی تورکیا دەکاتە ئامانج".
- دابینکردنی فڕۆکەی F-16
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراهیم کاڵن سەبارەت بە دابینکردنی فڕۆکەی F-16، گوتی: "هەڵوێستی ئیدارەی بایدن سەبارەت بە فڕۆکەی F-16ئەرێنییە. بەڕێز بایدن پێویستی بە پشتیوانی پەرلەمانتارە کۆماریی و دیموکراتەکان هەیە بۆ ئەوەی ئەمە لە کۆنگرێس پەسەند بکرێت. پێمان وایە ئەنجامێکی ئەرێنی دەبێت. کۆنگرێس، هەڵسەنگاندنی جیاوازی هەیە سەبارەت بەو بڕیارە، گرووپێک دەڵێن دەستی تورکیا بەهۆی مەرجی یۆنانەوە بەستراوەتەوە، گرووپێکی دیکەش پێیان وایە ئێستا ئەم پرسە دراوەتە دەست ئیدارە و پێویستە ئیدارەی ئەمریکا بەشداری بکات لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان تورکیا و یۆنان. لە چەند مانگی داهاتوودا دەبینین کە لەلایەن ئیدارەی بایدنەوە چ پێشنیارێمان بۆ دێت".