Mazın Asad
11 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 11 تشرینی دووەم 2017
واشنتۆن - AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رێکس تیلەرسن رایگەیاند: "ئەمریکا بانگەوازی بۆ گشت لایەنەکانی ناوەوە و دەرەوەی لوبنان دەکات کە رێز لە یەکپارچەیی خاک و سەربەخۆیی دەزگا نیشتمانییەکانی وەک حکوومەت و ھێزەکانی سوپای ئەم وڵاتە بگیرێت".
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تیایدا تیلەرسن رایگەیاند ئەمریکا پشتیوانی لە سەروەری و سەربەخۆیی تەواوی لوبنان دەکات.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی: "ئەمریکا بانگەوازی بۆ گشت لایەنەکانی ناوەوە و دەرەوەی لوبنان دەکات کە رێز لە یەکپارچەیی خاک و سەربەخۆیی دەزگا نیشتمانییەکانی وەک حکوومەت و ھێزەکانی سوپای ئەم وڵاتە بگیرێت".
لەبارەی سەرۆکوەزیرانی لوبنان سەعد حەریری کە ھەفتەی رابردوو لە ریازی پایتەختی سعوودیە دەستی لەکارکێشایەوە، رێکس تیلەرسن رایگەیاند: "وەک ھاوپەیمانێکی بەھێزی ئەمریکا رێزی لێدەگرین".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوەش کردەوە کە ئەمریکا پشتیوانی لە لوبنانێکی سەقامگیر دەکات و راشیگەیاند ئەمریکا لە دژی ھەر ھەنگاوێکە کە سەقامگیری لوبنان دەخاتە مەترسییەوە.
رێکس تیلەرسن لە درێژەدا گوتیشی: "تاکە لایەنی ئەمنی کە پێویستە دانی پێ بنرێت، ھێزەکانی ئەمنی دەوڵەتی لوبنانە. ھێزە بیانییەکان، میلیشیاکان و گرووپە چەکدارەکان ھیچ رۆڵێکی شەرعیان لەو وڵاتە نییە. ئەمریکا ھۆشداری دەدات لە بەرامبەر ھەر ھەنگاوێک کە سەقامگیری لوبنان تێکدەدات".