Dlshad Saifaalddin Ahmed
26 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 27 ئادار 2019
ھەڵەبجە ـ AA
ھۆشیار عەلی ناسراو بە ھۆشیاری مین و تەقەمەنی ماوەی ٣٣ ساڵە کاری ھەڵگرتنەوەی ئەو مین و تەقەمەنییانەیە لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بە گشتی و سنووری ھەڵەبجە بەتایبەتی لە سەردەمی جەنگی عێراق و ئێراندا لە ساڵی ١٩٨٠ ـ ١٩٨٨ چێندراون، ئەو ژیانی خۆی کردووەتە قوربانی لە پێناو پاراستنی گیانی کەسانی تر و ھەردوو قاچی لەو پێناوەدا لەدەستداوە.
ھۆشیاری تەمەن ٥٦ ساڵان تاوەکو ئێستا سەدان ھەزار پارچە مین و تەقەمەنی لە ناوچە جیاجیاکانی ھەڵەبجە و ھەرێمی کوردستان پووچەڵکردووەتەوە و لە زۆر ناوچەشەوە داوایان لێکردووە بۆ پاککردنەوەی ناوچەکەیان لە پاشماوەکانی جەنگ و ئەو مین و تەقەمەنییانەی چێنراون .

مامەڵەکردن لەگەڵ مین و تەقەمەنییەکان کارێکی مەترسیدارە و ھەزاران کەسی لە ھەرێمی کوردستان کردووەتە قوربانی، ھۆشیار وەک خۆی دەڵێت چەندین جار لە مەرگ گەڕاوەتەوە و ھەردوو قاچی بەو ھۆیەوە لەدەستداوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاسوودەیە بەوەی لە پێناو پاراستنی گیانی کەسانێکی تردا خزمەت دەکات.
ھۆشیار لە بارەی چیرۆکی ژیانی و چۆنێتی دەستکردن بە ھەڵگرتنەوە و مەترسییەکانی کارەکەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو کارەی من دەیکەم کارێکی مرۆڤایەتییە و تەنھا لە پێناو خودا و دواتر مرۆڤایەتیدایە، بەرلە ٣٣ ساڵ دەستم بەم کارە کردوو ئەوکات کە پێشمەرگە بووم لە شاخ چاوساغی پێشمەرگەکانی تر بووم ، دوای بینینی خولێکی مەشق و راھێنان لە شاری ئەھوازی ئێران لەسەر چۆنێتی ھەڵگرتنەوە و پووچەڵکردنەوەی مین و تەقەمەنی توانیم لەو کارەدا سەرکەوتن بەدەست بھێنم و لە ھەموو ناوچەکانی ھەرێم کاری پاککردنەوە و ھەڵگرتنەوە و پووچەڵکردنەوەی مین و تەقەمەنیم کردووە".
ئەو گوتی: "لە میانی ئەو ٣٣ ساڵەدا، دوو ملیۆن و ٣٨٦ ھەزار پارچە مینم ھەڵگرتووەتەوە و ٥٤٠ ھەزار دۆنم زەویم پاککردووەتەوە لە مین و تەقەمەنی و ١٦٠ کەسم لەناو کێڵگەی مین و تەقەمەنی رزگارکردووە، سەرەڕای رزگارکردنی سەدان سەر ئاژەڵ".
ھۆشیار بە ھۆی کارەکەیەوە خۆشەویستی لە لای خەڵک پەیداکردووە و وەک خۆی دەڵێت بەرامبەر ئەو کارەی لە ناوچەیەکی پێنجوێن قوتابخانە و نەخۆشخانە و مزگەوت و بنکەی پۆلیس و مەرزێکیان بەناوی ئەوەوە کردووە، ئەو گوتی:" تەنھا لەو ناوچەیەی پێنجوێن کە ناوچەیەکی سنوورییە لەگەڵ ئێران و شوێنی جەنگ بووە زیاتر لە یەک ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار پارچە مینم ھەڵگرتەوە".
ھۆشیار لە میانی ھەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنیدا چەندینجار رووبەڕووی مەرگ بووەتەوە و لە ساڵی ١٩٨٩ لە بناری بەمۆ لە نزیک دەربەندیخان بە ھۆی مینێکی ئیتاڵییەوە قاچێکی لەدەستداوە، ھەروەھا قاچەکەی تری لە ساڵی ١٩٩٤ لە ناوچەی پێنجوێن و بە ھۆی تەقینەوەی مینێکەوە لەدەستدا و جەستەی شوێنی چەندین برینی پێوەیە و حەوت گۆڕی ھەیە کە پارچەکانی لەشی تیادا ناشتووە.
ئەو تا ئێستاش بەردەوامە لە کارەکەی و دڵخۆشە بەوەی بتوانێت گیانی کەسێک لە مەترسی لە ھەر ناوچەیەک رزگار بکات لە میانی شەڕی داعشیشدا چووەتە بەرەکانی جەنگ و کاری پووچەڵکردنەوەی بۆمب و تەقەمەنییەکانی کردووە.
ھۆشیار دەڵێت "پەشیمان نیم لە دەستکردن بەو کارە و سەربەرزم پێی، لەناو خەڵکدا رێز و خۆشەویستی زۆرم ھەیە لە دوای داعش لە مووسڵ و داقوق و ناوچەکانی تریش گیانی ھەزاران پێشمەرگەم لە مردن رزگار کردووە".
ھۆشیار لەنێو ماڵەکەی و ئۆتۆمبێلەکەشی کە چەند ساڵێکە تابلۆی ئۆتۆمۆبێلەکەشی کردووە بە ژمارە یەکی ھەڵەبجە، سەدان جۆر مین و تەقەمەنی پووچەڵکراوەی داناوە و لە لای خۆی پاراستونی، ئەو بەنیازە مۆزەخانەیەکی تایبەت بە جۆرە جیاجیاکانی پاشماوەی جەنگ و مین و تەقەمەنییەکان بکاتەوە .
ئەو بە ھۆی کارەکەیەوە لەسەر ئاستی جیھان خەڵاتی تایبەت کراوە و لە ساڵی ١٩٩٣ بۆ چارەسەرکردن سەردانی ژاپۆنی کردووە و رەگەزنامەی ئەو وڵاتەی وەرگرتووە.