Salim Xemexan
30 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 01 ئەیلوول 2016
لەچوارچێوەی ھاوکارییەکانیان بۆ بەرکەوتوانی چەکی کیمیاوی، دەزگای ژیان بۆ مافەکانی مرۆڤ، ژمارەیەک ئامێری ھەناسەدانی بۆ نەخۆشەکانی دابینکرد، کە لەڕێی خێرخوازانی دەرەوەوە کڕدراون و پێشکەشی نەخۆشەکان دەکرێن.
پزیشکی گشتیی لەدەزگای ژیان بۆمافەکانی مرۆڤ دکتۆر رێبوار فەرەج لەلێدوانێکدا بۆئاژانسی ئەنادۆڵۆ، رایگەیاند: "لەچوارچێوەی چالاکی و ھاوکارییەکانی دەزگاکەماندا، ئەمڕۆ شەش ئامێری درووستکردنی ئۆکسجین بۆ ئەو بەرکەوتووانەی چەکی کیمیاوی کە کاریگەریی چەکەکە بەقورسی لەسەر سیەکانیانە و ناتوانن ھەناسەی پێویست ھەڵمژن، دابین دەکات. هاوکات لەگەڵ دابینکردنی ١٤ ئامێری تەبخیر بۆئەوانەی کە گرفتی ھەناسە توندییان ھەیە و نەخۆشی دەزگاکەن، کە لەڕێی خێرخوازانی دەرەوەوە و لەسەر داوای دەزگای دابینکراون".
دکتۆر رێبوار فەرەج گوتیشی:" تایبەتمەندیی چارەسەر کردنی نەخۆشانی بەرکەوتوو بەچەکی کیمیاوی لەم دەزگایەدا ئەوەیە کە ھەوڵدەدرێت کاتێکی تەواو بدرێتە نەخۆشەکان بەجۆرێک ماوەی بینینی نەخۆش لێرە ١٥ خولەک بۆ ٤٠ خولەک و زیاتریش دەخایەنێت. بۆ ئەوەش ئێمە سیستمی تایبەت بەسەردانکردن و خشتەی تایبەتمان بۆ بینینی نەخۆشەکانمان داناوە. ئەوەش یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆئەوەی بتوانین رۆژانە بەھەموو ئەو نەخۆشانەی سەردانمان دەکەن، رابگەین. لەپاڵ ئەوەشدا کە خشتەی سەردانکردنی نەخۆش مانگانەیە، بەڵام ھەر نەخۆشێک باری تەندروستیی تێکچوو پێویستی بەچارەسەری خێرا ھەبوو، ئێمە ئەتوانین لێرە بەبێ رەچاوکردنی خشتە مانگانەکە چارەسەری بۆ بکەین".
ئەو پزیشکە رایگەیاند: "بەشێک لەو پێداویستی و دەرمانانەی کە دەدرێنە نەخۆشەکانمان، دەرمان و پێداویستیی گرانبەھان کە لەدەرەوە بەتایبەتی لەئەڵمانیاوە دەھێنرێن و پێشکەشی نەخۆشەکان دەکرێن، بە دەرمانی تەواوکاریی ناوخۆیی، کۆرسی یەک مانگ چارەسەر دەدرێتە ھەریەکە لەو نەخۆشانەی سەردانمان دەکەن".
دەزگای ژیان بۆ مافەکانی مرۆڤ دەزگایەکی خێرخوازیی قازانج نەویستە ھەوڵدەدات بۆ دووبارە راھێنانەوەی ئەو کەسانەی بەرکەوتووی چەکی کیمیاوین، ئەم دەزگایە لەمانگی ئەیلولی ٢٠١٠دا دامەزراوە، لەسەرەتای دامەزراندنییەوە تائێستا ١٣٠٢نەخۆش لە دەزگاکەدا بینراوە و چارەسەری پێویستی بۆکراوە، ٨٠٥ نەخۆشیش لەڕێگەی تیمە جووڵاوەکانەوە لەھەریەکە لەناحیەکانی سیروان، خورماڵ و قەزای شارەزوور، بینراون و چارەسەری پێویستییان بۆکراوە.
دەروونناس لەدەزگای ژیان، محەممەد وەلی لەلێدوانێکدا بۆئاژانسی ئەنادۆڵۆ رایگەیاند: "بەدەر لەو خزمەتگوزارییانەی لەناو دەزگای ژیاندا پێشکەشدەکرێن وەکو لایەنی دەروونیی، کۆمەڵایەتی، تەندروستی و چارەسەری سروشتی، ھەڵدەستین بەخزمەتگوزاریی گشتیی لەدەرەوەی دەزگاکەمان بەسازکردنی سیمیناری جیاوازی ھۆشیاریی لەرووی دەروونیی و کۆمەڵایەتییەوە، بەتایبەت بۆ خوێندنگەکان و دەزگاکانی حکومەت، لەگەڵ سیمیناری تایبەت بۆ ژنان بەتایبەتی لەلایەن دەرونناسانی ژنەوە تا باشتر لەکێشەکانیان تێبەگەین و چارەسەری پێویستیان پێشکەشبکەین".
ئەو دەروونناسە گوتیشی: "مامەڵەی ئێمە لەدەزگاکەمان لەگەڵ بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی بەندە بە نەخۆشەکانمانەوە، ئەو کەسانەی کە سەردانمان دەکەن پێویستە سەرەتا چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەنجامبدرێت، تا بزانرێت چ جۆرە بەرکەوتوویەکە و پاشان فایلی تایبەتی بۆ دەکرێتەوە کە بەپێی ئەو فایلە جۆری نەخۆشییەکەی دەستنیشاندەکرێت. دواتر لەڕێی پزیشکەکانمانەوە پلانی چارەسەر کردنی دادەڕێژرێت، کە بەپێی پلانەکە نەخۆشمان ھەیە پێویستی بەچەندین جار سەردانکردنەوە دەبێت تا ئەو کاتەی باری تەندروستیی بەرەو چاکبوون دەچێت، دەتوانێت سەردانمان بکاتەوە".
راشیگەیاند: "ئەو پشتیوانییانەی پێشکەشی دەزگاکەمان دەکرێت لەلایەن رێکخراوەکانی کۆمەکبەخشی دەرەوەوە دەبێت بەتایبەتی ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەورووپا، بۆبەردەوامیدان بەچالاکی و خزمەتگوزاریەکانمان".