Abdullah Shukur
15 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 16 نیسان 2017
حەلەب - AA
ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە کاتی ھێرشکردنە سەر کاروانێکی گواستنەوەی خەڵکی ناوچەکانی ژێر گەمارۆی رژێمی ئەسەد لە سووریا کوژراون گەیشتە ١٠٠ کەس.
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی حەلەب، عەممار ئەلسەلەمو، بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە "کاتژمێر ٤ی ئێوارە، لە خاڵی گواستنەوەی ناوچەی رەشادییە تەقینەوەیەک روویدا، تیمەکانی فریاکەوتنیش گەیشتنە شوێنی رووداوەکە، زیاتر لە ١٠٠ تەرمان ھەڵگرتەوە. زۆربەی ئەوانەی کوژراون لە منداڵان و ئافرەتانی ناوچەکانی فوا و کەفریا پێکھاتبوون".
سەلەمۆ راشیگەیاند کە تیمەکانی فریاکەوتن تەنھا توانیویانە ٣٠ بریندار دیاربکەن. گوتیشی: "لە دوای ھێرشەکە ئاگری گەورە لە ناوچەکەدا کەوتەوە. پاسەکان سوتان. تیمەکانی فریاکەوتن ھەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەیان دا. تاکو ئێستا کارەکان لەو شوێنە بەردەوامە".
سەلەمۆ راشیگەیاند کە ژمارەیەکی زۆری تەرم بە تەواوی سوتاون و نەتوانراوە ناسنامەکانیان دیاری بکەن.
بەپێی رێککەوتنی رژێمی سووریا و ئۆپۆزسیۆن، دوو ھەزار و ٣٥٠ کەس لە مەدایا و زەبەدانی کە لە ژێر گەمارۆی رژێمی ئەسەد دایە، ھاوکات پێنج ھەزار کەس لە ناوچەکانی فوا و کافریەی ژێر گەمارۆی ئۆپۆزسیۆن لە ئیدلیب گەیشتبوونە خاڵی کۆنترۆڵی شاری حەلەب.
تەقینەوەکە لە خاڵێکی پشکنینی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە گەڕەکی راشیدین ھاتبووە ئاراوە.
بە ھەمان شێوە ئەو کاروانەی کە لە ناوچەی ئۆپۆزسیۆن بەڕێکەتبوو، لە گەڕەکی راموسی سەر بە رژێم لە چاوەڕوانی دابوو.
ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە راشیدین، کاتێک دیتیان لەو کاروانەی کە لە فوا و کافرییە دەرچوون، لە جیاتی ٦٠٠ چەکدار کە لە رێککەوتنەکە واژووی لەسەر کراوە، ھەزار و ٣٠٠ چەکدار دەرچووە، بڕیاری راگرتنی کاروانەکەیان دەرکردبوو.
تاکو ئێستا ھیچ کەسێک تەقینەوەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە.